کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی ستراتیژیی "هورمز" بە ڕووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە".
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا جەختیان لەوە کردەوە کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی وزە و جوڵەی بازرگانیی جیهان، و هەر هەوڵێک لە لایەن تارانەوە بۆ پەکخستنی گەشتی کەشتییەکان یان داخستنی ئەم گەرووە، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئابووریی جیهان و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت.
ئەم کاردانەوەیەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە هەندێک ڕاپۆرت لە ناوچەکەوە ئاماژەیان بە ڕاگرتنی جوڵەی کەشتییەکان کردبوو لەو گەرووەدا. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش دا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە وەک کارتی فشار لە ململانێ سیاسی و سەربازییەکاندا بەکاربهێنێت.


وەڵام بدەوه