ڕووسیا جیهان شۆک دەکات. کۆمپانیای (نێری) کە کۆمپانیایەکی ڕووسییە و لە بواری تەکنەلۆژیای مێشک و دەماردا کار دەکات، جۆرە تەکنیکێکی داهێناوە کە دەتوانێت مێشکی باڵندەکان کۆنتڕۆڵ بکات و وەک (درۆنی زیندوو) بەکاریان بهێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی چاندنی دەماری ئەلیکترۆنی لەناو مێشکی باڵندەکاندا.
ڕۆژنامە بەریتانییەکان باس لەوە دەکەن کە پڕۆژەیەکی نائاسایی لە ڕووسیا پەرەی پێ دراوە کە کۆمپانیایەکی تاییبەت بە تەکنەلۆژیای مێشک (پەیوەندیی بەو پەیمانگایەوە هەیە کە کچی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکایەتیی دەکات) هەوڵ دەدات باڵندە و کۆترەکان بکاتە ئەو شتەی کە پێی دەگوترێت؛ (درۆنی بایۆلۆژی - زیندوو یان گیاندار). ئەمەش لە ڕێگەی دانانی شانەی دەماری لە مێشکیاندا و کۆنترۆڵکردنی جووڵەکانیان لەدوورەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی هەریەک لە ڕۆژنامەکانی (تایمز) و (تەلەگراف) بڵاویان کردووەتەوە؛ پڕۆژەکە لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت و تێیدا باڵندەکان بە کامێرا و سیستەمی کۆنترۆڵ تەیار دەکرێن کە بە وزەی خۆر کار دەکەن. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت بە هاندانی ناوچە دیاریکراوەکانی مێشکیان، ئاڕاستەی فڕینەکەیان بگۆڕرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، جەمسەرێکی کارەبایی زۆر ورد دەخرێتە ناو سەری باڵندەکان و بە ئامێرێک دەبەسترێتەوە. بەمەش ئەو کەسەی لەدوورەوە کۆنترۆڵەکەی بەدەستە، دەتوانێت فەرمان بە باڵندەکە بکات کە بچێتە لای ڕاست یان لای چەپ. هەروەها باڵندەکان جانتایەکی بچووک لەسەر پشتیان دەبەسترێت کە ئامێری کۆنترۆڵی فڕین و پانێڵی وزەی خۆری تێدایە، لەگەڵ کامێرایەک کە لەسەر سنگیان بەستراوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت: "ئەم باڵندانە لە درۆنە ئاساییەکان باشترن، چونکە توانای بەرگەگرتنیان زیاترە و زۆرتر دەتوانن بفڕن، هەروەها دەتوانن بگەنە ئەو شوێنانەی کە ئامێرە تەکنیکییەکان ناتوانن بۆی بچن."
بەکارهێنانی بۆ کاری مەدەنی
کۆمپانیا ڕووسییەکە ڕایگەیاندووە: "ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ کاری ئاشتییانەیە، وەک چاودێریکردنی ژێرخانەکان، پشکنینی کارگەکان، کارکردن لەو شوێنانەی فڕین تێیاندا قەدەغەیە و یارمەتیدانی تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن."
بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر بەئاسانی دەگۆڕرێت بۆ کاری سەربازی، بەتایبەت بۆ سیخوڕی و چاودێریکردنی دوژمن.
ڕۆژنامەی (تەلەگراف) لە زاری پسپۆڕێکی ئەمریکییەوە دەڵێت؛ ئەم (درۆنە بایۆلۆژییانە) دەکرێت بۆ گواستنەوەی مادەی مەترسیدار و تەنانەت بڵاوکردنەوەی نەخۆشییش بۆ ناو خاکی نەیارەکان بەکار بهێنرێن.
بەپێی گوتەی ئەلێکساندەر پانۆڤ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ کۆتر نییە و دەتوانرێت بۆ هەموو جۆرە فڕندە و باڵندەیەکی دی بەکار بهێنرێت. بۆ نموونە، پلانیان هەیە (قەلەڕەش) بۆ هەڵگرتنی باری قورستر بەکار بهێنن، هەروەها (نەوڕەسی دەریایی) بۆ چاودێریکردنی کەناراوەکان و باڵندەی (ئەلباترۆس) بۆ ناوچە دەریاییە زۆر فراوانەکان.
هەروەها دەشڵێت: «لایەنەکان لە ڕووسیا، دوبەی و هیندستان ئارەزووی خۆیان بۆ ئەم پڕۆژەیە پیشان داوە، تەنانەت بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی کارەباش.
لێدوانە سەیرەکان و سیاسەت
پانۆڤ یەکێکە لە لایەنگرانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا و پێشووتر ڕەخنەی لە هێزەکانی ڕووسیا گرتبوو کە بۆچی هێندە "نەرم" مامەڵە دەکەن. ئەو تەنانەت باسی لەوە کردووە کە دەیەوێت نەوەیەکی نوێی مرۆڤ دروست بکات کە ناوی ناوە Homo Superior. هەروەها لە نووسینەکانی پێشووتریدا باسی لە دووبارە پڕۆگرامکردنەوەی مرۆڤەکانیش کردبوو، لەوانەش ئۆکراینییەکان و پێی وابوو ئەمە تێچووی کەمترە لەوەی "مرۆڤێک لە کولتوورێکی دیکەوە دروست بکەیت."
پارەی زەبەلاح و پەیوەندیی بە حکوومەتەوە
دەنگۆکان لەسەر ئەم پڕۆژەیە دوای ئەوە زیادیان کرد کە ماڵپەڕی (تی ئینڤاریانت) لێکۆڵینەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو کە کۆمپانیای (نێری) نزیکەی یەک ملیار ڕۆبلی وەک بودجە وەرگرتووە کە زۆربەی لە سەرچاوە نزیکەکان لە حکوومەتی ڕووسیا (کرێملین)ەوە بووە.
لەنێوان لایەنە پشتگیریکەرەکاندا، سندووقی "دەستپێشخەریی تەکنەلۆژیای نیشتمانیی ڕووسیا" هەیە کە پوتین خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ سندووقێکی وەبەرهێنان کە هی ملیاردێرێکی ڕووسییە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پەیوەندیی کۆمپانیاکە و ئەو پەیمانگایە دەکەن کە "کاتێرینا تیخۆنۆڤا" (کچە بچووکەکەی پوتین) سەرۆکایەتیی دەکات، هەرچەندە پوتین بەئاشکرا دانی بەوەدا نەناوە کە کچی ئەوە.
تاقیکردنەوەکان تا ئێستا نەسەلمێنراون
لەو ڤیدیۆیانەی کۆمپانیاکە بڵاوی کردوونەتەوە، زاناکان دەردەکەون کە کۆترەکان لە شوێنێکی داخراودا بەڕەڵا دەکەن و لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە ئاڕاستەی فڕینەکەیان دەگۆڕن. هەرچەندە وا دیارە کۆترەکان بەقسەیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکە لەلایەن هیچ ناوەندێکی زانستیی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
جێی باسە، کۆمپانیاکە پێشووتریش ڕایگەیاندبوو کە تاقیکردنەوەی لەسەر مشک و مانگاش کردووە کە ئەوکات مشتومڕی زۆری لە ناوەندە زانستییەکانی ڕووسیادا دروست کردبوو.
مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
شیاوی باسە، ئەم تاقیکردنەوانە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە سەردەمی جەنگی سارد، کاتێک دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) هەوڵی دەدا مێشکی ئاژەڵەکان بۆ سیخوڕی کۆنترۆڵ بکات، هەمووی بە شکست کۆتایی هات. بەڵام ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکرد و دەماری ئەلیکترۆنی، شارەزایان دەڵێن: جیهان لەبەردەم جۆرە مەترسییەکی نوێدایە کە سنووری خەیاڵە زانستییەکانی تێپەڕاندووە و پرسیاری گەورەی ئەمنی و ئەخلاقیی دروست کردووە


وەڵام بدەوه