هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی کورد لە بەهێزترین وڵاتی جیهان دەسپێکرد. هەنگاوێکی زۆر گرنگ، لە ڕێگایەکی درێژ و دژوار
لەماوەی هەفتەی رابردوو زياتر لە 70 ئەندام لەدۆستانمان لەناو پەرلەمان و لۆردی بەریتانیا پێکەوە داوای پاراستنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و مافەکانی گەلی کورد دەکەن، دەسپێکێکی گرنگە.
بێگومان ئەمە بەرهەمی یەکڕیزی، هاوهەڵوێستی و هەوڵە بەردەوامەکانە و ئەم هەنگاوە تەنیا واژۆیەک نییە، بەڵکو دەنگدانەوەی ڕاستییەکە و پێمان دەڵێت: کاتێک یەکگرتوو بین، جیهان گوێمان لێ دەگرێت.
بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە و سەرجەم هەوڵەکانی تریش بگەنە ئەنجام، دەبێت بزانین کە کارەکانمان لێرەدا ناوەستێت؛ هەوڵی زۆر زیاترمان لەپێشە و پێویستە لە خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسی بەردەوام بین. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە جوگرافیایانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، مەترسییەکان جددین و تەحددییەکان زۆرن، بۆیە دەبێت دەستوبرد بکەین و هەموو ڕێگاکان بگرینەبەر تا پەراوێز نەخرێین.
ئێمە لە خەباتی دیپلۆماسی و مەدەنی ماندوو نابین. ئەم فشارانە دەبێت تا ئەو کاتەی هەنگاوی کردەیی لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەبینین، بەردەوام بن.
سوپاس بۆ ئەو دۆستە دڵسۆزانەی لەم هەوڵەدا واژۆیان کردووە.
سوپاس بۆ تەواوی گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان، بەتایبەت خۆشەویستانمان لە بەریتانیا؛ سوپاس بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، گەنجە سەربەرزەکانی کورد لە بەریتانیا، کەسایەتییەکان، ڕێکخراو و چالاکوانان کە ئازایانە و لێبڕاوانە لە خەباتی مەدەنی بەردەوامن. با جیاوازییە سیاسییەکان و گلەییەکان وەلاوە بنێین، چونکە
سەرکەوتن لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیدایە.
سوپاس بۆ هەموو ئەو سیاسی و دیپلۆماتکارانەی لەم قۆناغە هەستیارەدا هاوخەم و هاوهەڵوێستی کوردن لەپێناو زامنکردنی مافەکانمان.
ئێستا کاتی کارکردنی زیاترە؛ نابێت ماندوو بین و دەبێت ئەمە تەنیا وەک سەرەتایەک ببینین. ئێستا کاتی یەکگرتوویی و تێکۆشانی بەردەوامە.
سەرباز بەرزنجی


وەڵام بدەوه