نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدا.. عێراق كاتێكی كەمی لەبەردەستدا ماوە
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، هۆشداری بە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەدات و رای دەگەیەنێت كە وڵاتەكە كاتێكی كەمی لەبەردەستدا ماوە.
یۆنامی بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێكی تەواو بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە لە ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، راگەیاندراوێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”ساڵێک لەمەوبەر، عێراقییەکان بە ئومێدی ھێڵکاریی داھاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ھەڵبژاردنێکی بە زەحمەت بوو، بەھۆی فشارە گشتییەکانی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە ھاتە ئاراوە کە تێیدا سەدان گەنجی عێراقی گیانیان لەدەست دا و ھەزاران کەسیش بریندار بوون. بەداخەوە ئەم ھەنگاوە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکەری بەدوای خۆیدا ھێنا و بێھیواییەکی تاڵی گشتی بەدوای خۆیدا ھێنا“.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هۆشداری داوە و جەختی كردۆتەوە: ”ئەمڕۆ عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە. قەیرانی درێژخایەن ناسەقامگیریی زیاتر دێنێتە کایەوە و ڕووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەی ئەوەن. جگە لەوەش مەترسی لەسەر بژێویی خەڵک دروست دەکات. پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێش کۆتایی ساڵ زۆر گرنگە“.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە لە چەند ھەفتە و مانگی ڕابردوودا ھەوڵی بێوچان دراوە بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان دەست بکەن بە ھەنگاونان بەرەو سەقامگیریی سیاسی، بەڵام ”بێ ئەنجام بوو. ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و وشە لەگەڵ کرداردا بگونجێنێت“.
یۆنامی داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات، بەبێ مەرجی پێشوەختە، بەشداری لە دیالۆگدا بکەن، ئەویش ”لە ڕێگەی سازانەوە دەبێت بە کۆمەڵ لەسەر دەرئەنجامە سەرەکییەکان ڕێک بکەون بۆ دووپاتکردنەوەی وتەکانیان، کە خزمەتکردنی پێداویستییەکانی گەلی عێراق و دامەزراندنی حکومەتێکی تەواو بەھێز و کاریگەرە، ئێستا کاتی کردارە“.
وەڵام بدەوه