دوو بەرپرسی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، میلانیا ترەمپ، هاوسەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، لە نامەیەکی تایبەتیدا کە ڕۆژی هەینی بۆ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیای ناردووە، پرسی منداڵانی ئۆكراینای وروژاندووە كە دەگوترێ ڕووسیا ڕفاندوونی.
ئەو بەرپرسانە بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە، ترەمپ لەمیانی دانوستانی لوتکەیی لە ئەلاسکا، نامەکەی گەیاندووەتە پووتین، چونكە میلانیا خۆی لەگەڵ ترەمپ بۆ ئەلاسكا نەچووبوو.
ئەو بەرپرسانە ناوەڕۆکی نامەکەیان ئاشکرا نەکردووە، تەنیا ئەوە نەبێ، نامەكە باس لە ڕفاندنی منداڵانی ئۆكراینا دەكات كە دەگوترێ ڕووسیا لەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوون، ئەنجامی داوە.
پرسی منداڵانی ئۆکراینی کە کیێڤ دەڵێت ڕووسیا ڕفاندوونی، یەکێکە لە پرسە مرۆییە دیارەکانی شەڕەکە. ئۆکراینا گواستنەوەی دەیان هەزار منداڵ بۆ ڕووسیا یان بۆ ئەو ناوچانەی کە مۆسکۆ کۆنترۆڵی کردوون، بەبێ ڕەزامەندیی دایک و باوکیان، بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەكان بە تاوانی جەنگ ناو دەهێنێ.
لە بەرامبەردا مۆسکۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە گواستنەوەی منداڵان بە مەبەستی "پاراستنیان لە ناوچەکانی شەڕکردنە".
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا لە ساڵی 2022ەوە لە سەرەتای لەشکرکێشیی تەواوەتی بۆ سەر ئۆکراینا، بووەتە هۆی ئازار و ئەشكەنجەی ملیۆنان منداڵی ئۆکراینی و مافەکانیانی پێشێل کردووە.
وەڵام بدەوه