کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی شتێکە کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایەی کە لەم دواییانەدا پێشکەشی کۆنگرێس کرا بۆ دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و ئایا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پشتگیری لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکات، وتەبێژەکە گوتی: "بە تەواوی ڕاشکاوانە دڵنیا نیم چونکە قسەم لەگەڵ نەکردووە (سەبارەت بەو پرسە).
ئاماژەی بەوەش کردووە، "نامەوێت پێش ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بکەوم لەو پرسەدا، بەڵام پێدەچێت ئەوە شتێک بێت کە ئیدارەکە بتوانێت پشتگیری لێبکات".
سەرەتای ئەم مانگە، تێد کروز، سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.
کروز گوتی: ئیخوان موسلیمین "رێکخراوێکی تیرۆریستییە" و "پشتیوانی لە لایەنە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس دەکات".
کروز، ئیخوانەکانی بە "مەترسییەکی جددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا" زانی.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن نووسینگەی کروزەوە بەسەر سیناتۆرەکاندا دابەش کراوە، ئەو پڕۆژەیاسایە دەسەڵاتی نوێ بە وەزارەتی دەرەوە دەدات بۆ دیاریکردنی ئەو لقانەی پەیوەندییان بە ئیخوان موسلیمینەوە هەیە وەک گرووپی تیرۆریستی. هەروەها داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکات کە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا لە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لیستێکی گشتگیر لەو جۆرە لایەنانە ئامادە بکات. ئەم پڕۆژەیاسایە پشتیوانیی چەندین سیناتۆری کۆماریخوازی هەیە، لەوانە جۆن بووزمان، تۆم کۆتۆن، دەیڤ مەککۆرمیک، ئاشلی موودی و ڕیک سکۆت.
وەڵام بدەوه