لە هەنگاوێکدا بۆ پاراستنی ژینگە و فراوانکردنی ژێرخانی وزەی پاک، پڕۆژەیەکی نوێی ژینگەیی لە شاری هەولێرەوە دەست پێ دەکات کە بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەرانسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند: لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر، وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبرێدەکان دادەنرێن کە بە وزەی خۆر کار دەکەن. لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا شەش شوێنی دیاریکراو دەستنیشان کراون و دواتر پڕۆژەکە بۆ شارەکانی تریش درێژ دەکرێتەوە.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ڕێگەی تەندەرەوە ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت، بە مەرجێک باشترین و نوێترین جۆری ئامێری بارگاویکردن بەکاربهێنرێت. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی هاندانی هاووڵاتییانە بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و کەمکردنەوەی ڕێژەی پیسبوونی هەوا، و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیكدا وێستگەکان بکەونە گەڕ.
پوختەی هەواڵ:
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ دانانی وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە وزەی خۆر لە شوێنە گشتییەکانی هەولێر ڕادەگەیەنێت. پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا شەش شوێن لە هەولێر دەگرێتەوە و دواتر بۆ سەرجەم شارەکانی تر درێژ دەکرێتەوە بە مەبەستی هاندانی بەکارهێنانی وزەی پاک.
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه