دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو وادەیەی کە بە ڕووسیا دابوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا یان ڕووبەڕووبوونەوەی سزای نوێ، 10 ڕۆژی ماوە و لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو وادەیەی پێشتر دابووی بە مۆسکۆ لە 50 ڕۆژەوە بۆ نێوان 10 بۆ 12 ڕۆژـی کەمکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
ترەمپ گوتیشی: لە مڕۆوە 10 ڕۆژ.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "دواتر باج و ئەوەی پێویست بێت دادەنێین" دەشڵێت: "نازانم ئەوە کاریگەری لەسەر ڕووسیا دەبێت یان نا ڕەنگە کاریگەری لەسەریان هەبێت و ڕەنگە نەشبێت".
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە واشنتن دەیەوێت لەم وادەیەدا لەگەڵ ڕووسیا ڕێکبکەوێت لەسەر چارە کردنی قەیرانی ئۆکرانیا، بەڵام پێیوابوو لایەنی ڕووسی "بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەیەوێت درێژە بە شەڕەکە بدات".
ترەمپ ڕاشیگەیاند، هیچ وەڵامێکی لە هاوتا ڕووسیەکەی ڤلادیمێر پوتن نەبیستووە سەبارەت بەم وادەیە و هەڕەشەی سزا نوێیەکان و گوتی: "هیچ وەڵامێکم وەرنەگرتووە، ئەوە جێگەی شەرمەزارییە". لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە نیگەران نییە لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی سزا نوێیەکان لەسەر بازاڕی نەوت یان نرخی نەوت. گوتی: ئەمەریکا بەرهەمهێنانی نەوتی ناوخۆ بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی هەر کاریگەرییەک قەرەبوو بکاتەوە.
وەڵام بدەوه