رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداری له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كان و بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان ده‌دات
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 29ی ته‌مموزی 2025، ڕێكخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ) هۆشداری له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دا و له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه كێڵگه نه‌وتییه‌كان ده‌كرێنه ئامانج و ئه‌و هێرشانه زیانی وه‌به‌ر كه‌رتی وزه له هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه.
له راپۆتی ئه‌و ڕێكخراوه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه، هێرشه‌كان له‌ڕێگه‌ی درۆنه‌وه كه ده‌كرێن مه‌ترسیداره و وا ده‌كات كێشه‌كان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا په‌ره بستێنن و له‌و ململانێیه‌دا به‌غدا پێدانی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگرتووه.
ڕێكخراوه‌كه داوای له هه‌ردوو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كردووه لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی هێرشه درۆنیه‌كانه‌وه بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن له‌وه زیاتر هێرش بكرێته سه‌ر ژێرخانی وزه و هه‌روه‌ها پێدانی مووچه‌ی مووچه‌خۆران زامن بكرێ و له كاتی خۆی و به ته‌واوه‌تی دابه‌شی سه‌ریان بكرێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه دوێنێ شاندێكی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی عێراق گه‌یشته هه‌ولێر و له‌لایه‌ن رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێ كرا.
دواتر هه‌ردوولا له پرێس كۆنفڕانسێكدا ئاماژیان بۆ ئه‌وه كرد كه لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كان و پاشان له‌و باره‌یه‌وه راپۆرتێك ئاماده ده‌كه‌ن.
وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌ردوێنێ له پرێس كۆنفڕانسێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هێرشه درۆنییه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهنانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و پێویسته ئه‌و گرووپانه‌ی كه هێرشه ده‌كه‌ن ئاشكرا بكرێن و بدرێن به دادگا.
وەڵام بدەوه