سوپای ئۆکراینا دەڵێت رووسیا هێرشێکی گەورەی بە زیاتر لە 479 درۆن کردووەتە سەریان و لە وەڵامدا ئەوانیش کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیکترۆنی درۆن و بۆمبهاوێژی رووسیای لە ناوچەی چواشستان لەناو بردووە.
سوپای ئۆکراینا رۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیران رایگەیاند؛ "کارگەیەکیان لە رووسیا کردووەتە ئامانج کە بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیکترۆنیی درۆن و بۆمبهاوێژ و چەکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام دەدرا".
مۆسکۆ پشتڕاستی کردەوە کە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کارگەکە و رایگەیاندووە، پارچەکانی درۆنەکە لە ناوچەیەکی نزیک لە کارگەکە دۆزراونەتەوە، بەڵام کیەڤ ئەوە بە ناڕاست دەزانێت و دەڵێت، درۆنەکە راستەوخۆ بەر کارگەکە کەوتووە و بە تەواوەتی لەناوی بردووە.
سوپای ئۆکراینا دەشڵێت، ئەو هێرشەیان بە تۆڵەی هێرشە بەهێزەکەی دوێنێی رووسیا ئەنجامداوە کە بە 479 درۆن و 20 مووشەک چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا بە ئامانج گیرا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
رووسیا لە ماوەی سێ ساڵ شەڕ لە دژی ئۆکراینا، بەردەوام ئەو وڵاتەی بۆردومان کردووە و بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە.
وەڵام بدەوه