عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە 12ی 3ی 2025 لە وەڵامی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی، گوتی: ئەوەی ترەمپ دەیڵێ :فریودانی ڕای گشتییە. گوتیشی: دانوستان لەگەڵ واشنتن سزاکانی سەر ئێران كەم ناكاتەوە.
خامنەیی لە میانەی دیداری لەگەڵ قوتابیانی زانکۆ لە ئێران گوتی: سەرۆكی ئەمریکا دەڵێت ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، بەڵام بانگەوازەکەی بۆ دیالۆگ جگە لە فریودانی بیروڕای گشتیی جیهان هیچی تر نیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان دەیانەوێت خۆیان وەک لایەنگری دیالۆگ و ئاشتی پێشان بدەن، بەڵام بۆچی ئێران ئامادە نیە دانوستان بکات؟ با بێنەوە هۆش خۆیان، ساڵانێک لەگەڵیان دانوستانمان کرد، کاتێک ڕێککەوتنێکی کۆتایی واژوو کرا و گەیشتینە ڕێككەوتن، هەمان كەس (دۆناڵد ترەمپ) ڕێككەوتننامەكەی تێك دا.
خامنەیی دەڵێ: لە ناوخۆدا کەسانێک هەن بەردەوامن لە پێداگری لەسەر پرسی دانوستان و دەڵێن: بۆچی وەڵام نادەیتەوە؟ بۆچی دانوستان ناکەیت؟ بۆچی لەگەڵ ئەمریکا دانانیشن؟ من بە ڕوونی دەڵێم: "ئەگەر ئامانجی دانوستان هەڵگرتنی سزاکان بێت، ئەوا گفتوگۆ لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا دەبێتی هۆی ئاڵۆزیی زیاتر."
جەختیشی لەوە کردەوە "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسان باسم لەوە کرد کە ئیدارەی ئەمریکا داواکاریی نوێ و مەرجی توندتر و بەرزبوونەوەی چاوەڕوانییەکان دەخاتە ڕوو. بۆیە دانوستان لەگەڵیدا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات".
ئەمە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕای گەیاندووە، پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە بۆ دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ڕەتی كردووەتەوە هیچ نامەیەك لە ترەمپەوە گەشتبێتە خامنەیی.
وەڵام بدەوه