دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی ئەو پاڵپشتییە داراییانەی وڵاتەكەی بۆ ئۆكراینا كردوویەتی، لە بەرانبەردا داوای كانگە گرانبەهاكانی ئۆكراینا دەكات كە ئێستە ئەو شوێنانەی رووسیا كۆنترۆڵی كردوون. سەرۆكی رووسیا لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، پشتگیریی ئەمەریكا دەكات لە وەبەرهێنانی كانگە گرانبەهاكانی ئۆكراینا. هاوكات پوتین سەرۆكی ئۆكراینا بە كەسایەتییەكی ژەهراوی ناو دەبات.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 25ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا شەوی رابردوو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، لەبارەی داواكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ وەبەرهێنانی كانگە گرانبەهاكانی ئۆكراینا لە بەرانبەر ئەو پاڵپشتییە داراییانەی ئەمەریكا بۆ ئۆكراینا ناردووە، دووپاتی كردەوە كە پشتگیریی ئەمەریكا دەكات لە وەبەرهێنانی كانگە گرانبەهاكانی ئۆكراینا.
لەبارەی جەنگی ئۆكراینایشەوە پوتین گوتی كە وڵاتەكەی رەتی ناكاتەوە ئەگەر ئەوروپا بیانەوێ بەشداریی لە گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئەمەریكا لەبارەی تەنگژەی ئۆكرایناوە بكەن، ئەوە برۆكسل خۆی بوو كە پێشتر رەتی كردبووەوە دیالۆگ لەگەڵ رووسیا بكات.
لەبارەی هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی تەنگژەی ئۆكرایناوە پویتن ئاماژەی دا كە ترەمپ بە ئەقڵ هەڵسوكەوت لەگەڵ كێشەكەدا دەكات نەك بە سۆز، بۆیە زۆری نەماوە بگەینە دوا قۆناغی وەستانی جەنگەكە.
لەبارەی ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرایناوە پوتین گوتی، سەرۆكی ئۆكراینا كەسایەتییەكی ژەهراوییە، بۆیە دەبینین سەرۆكی ئەمەریكا رەخنەی زۆر رژدی لێ گرتووە. ئەوە راستیی زیلینسكییە كە تۆمەتبارە بەوەی فەرمانی خراپ بۆ سوپای وڵاتەكەی دەردەكات و وایكردووە پەرتەوازەییان پێوە دیار بێت، دواتریش بە زیانی كۆمەڵگە و دەوڵەتەكەی كەوتووەتەوە. بۆیە زیلینسكی كەسایەتییەكی ژەهراوییە.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.


وەڵام بدەوه