ئەو قۆناغەی ئێران لێی دەترسا هات و دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی دەسەڵاتی وەرگرت، ئەگەرچی تا ئێستە تەنیا كاریگەرییەكانی ئەو هاتنەی بەسەر دراوی ئێران دەركەوتووە، بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەكەنەوە كە ئامادەن بۆ گفتوگۆیەكی راستەقینە لەگەڵ ئەمەریكا بەو مەرجەی لەسەر بنەما بێت، كە رەنگە ئەوە لەگەڵ سیاسەتەكانی ترەمپ نەڕوات، بەپێی راپۆرتەكان ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چەند پەیامێكی بە تاران داوە و چاوەڕوانی وەڵام دەكات.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ گوێگرتن بۆ دەستپێشخەرییەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی دەست پێكردنی گفتوگۆ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام سەرەتا دەبێت قەناعەت بە ئێران بكرێت و گوێی لێ بگیرێت، گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ كارێكی باشە، بەڵام دۆخەكە لەوەی جیاوازە و پێشوو زەحمەتتر بووە، پێویستە ئەمەریكا بۆ بەدەستهێنانی متمانەمان زۆر شت بكات، لەوكاتەی تا ئێستە تەنیا گوێبیستی قسە بووین و ئەوەش بەس نییە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە ئێوارەی یەكشەمی رابردوو كۆشكی سپی پەیامێكی زارەكی لە رێگەی بەرپرسانی عێراق بۆ تاران رەوانە كردووە و چەند خاڵێكی لەخۆ گرتووە پێوەست بە هەڵوێستی واشنتن بەرانبەر بەتاران، بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵی شەڕكردن لەگەڵ ئێران نادات، بەڵكو دەیەوێ بگەنە رێككەوتنێكی درێژخایەن كۆتایی بە ناسەقامگیرییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێت، لەگەڵ دووپاتكردنەوە لەسەر پارێزراویی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریا لە ناوچەكە.
بەپێی سەرچاوەكە دیدی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێرانن بریتییە لە رێگرتن لە تاران بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و پاراستنی باڵادەستیی ئیسرائیل بەسەر ناوچەكە، لە 22ی ئەم مانگەش سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی ئێران ئاماژەی كرد كە سەرۆكی ئەمەریكا لە رێگەی عومانەوە پەیامێكی رادەستی تاران كردووە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەبارەی چەند دۆسیەیەكەوە لەوانە دۆسیەی ئەتۆمی تاران.
سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە ترەمپ داوای لە تاران كردووە بۆ گفتوگۆكردن و ئەگەری گەیشتنیان بە رێككەوتنێكی تر جیا لەوەی 2015، كە ترەمپ لە 2018 لێی كشایەوە و چەندان سزای بەسەر تاران سەپاند، دووپاتی كردەوە كوە ترەمپ زیاتر لە چەند مانگێك چاوەڕوانی وەڵامی ئێران ناكات سەبارەت بە ئامادەییان بۆ گفتوگۆكردن، بەتایبەتی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی تاران.
بەپێی سەرچاوەكە لە پەیامەكەی ترەمپ دەردەكەوێت كە ئەو زۆر رژدە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆیەكی راستەوخۆ و لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ سەرەتای دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی، بۆیە ئەگەر ئێران بە گفتوگۆكە رازی ببێت، ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ هەیە، بەڵام هێشتا ئەو كێشەیە هەیە كە دیار نییە لە حاڵەتی گەیشتن بە رێككەوتن ئاخۆ ترەمپ پێوەی پابەند دەبێت یان نا، وەك ئەوەی 2018.
هەر بەپێی سەرچاوەكە حكوومەتی مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران پێی وایە بەردەوامبوونی پەرەسەندنی دۆسیەی ئەتۆمی لە لایەن وڵاتەكەیەوە ئەنجامی نابێت و رەنگە ببێتە هۆی رەوانەكردنی دۆسیەكە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە شێوەی بەندی حەوت، بەو پێیەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە دنیا دروست دەكات، ئەوكاتیش ئێران دەكەوێتە ژێر سزایەكی فرەوانی نێودەوڵەتییەوە، جیا لەوە رووسیا و چینینش دەچنە پاڵ رۆژئاوا لەو هەڵوێستە بەهای تمەنی ئێران زۆر دادەبەزێت كە بەهاكەی بە رێژەی 300% لەدەست داوە.
شایەنی باسە لە نۆڤێمبەری رابردوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە ئێران ناكۆكیی ریشەیی و سەرەكی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە و رەنگە چارەسەر نەبن، بەڵام پێویستە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری و ئاڵۆزییەكان بە باشی ئیدارەی بدەین، بۆیە هەمیشە كەناڵی پێوەندی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هەیە و ئەگەری ئاڵوگۆڕكردنی پایمەكانی هەردوولا بە چەند رێگەیەك هەیە.
وەڵام بدەوه