لە پەراویزی كۆڕبەندی (فاڵدای) سەرۆكی ڕووسیا ئەو دەرفەتەی قۆستەوە، كە پیرۆزبایی سەركەوتنی لە هەڵبژاردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی نوێی ئەمریكا بكات و ڕاشیگەیاند، كە قسەكانی ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، جێی گرنگی پێدانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی 11ی 2024، ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی (فاڵدای) لە سەریرانگەی سووچی لەسەر دەریای ڕەش، گوتی: دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ بکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
پوتین گوتیشی: لەگەڵ هەر سەرۆکێک کار دەکەین، کە گەلی ئەمریکا متمانەی پێدەدات، ئەمە لە باری کرداریشدا وا دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، كە قسەكانی دۆناڵد ترەمپ لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، جێی گرنگی پێدانن.
ئەوەشی نەشاردەوە، كە ئامادەی قسەكردنە لەگەڵ ترەمپ، چونكە ئەو پێی وابوو، كە پێویستە كاری لەپێشینە خواستی گەڕانەوەی پەیوەندییەكانیان بێت لەگەڵ ڕووسیادا و كار لەسەر ئەوەش بكرێ كە شەڕی ئۆكڕانیا كۆتایی پێ بێت.
وەڵام بدەوه