دوای چەندین مانگ لە رکابەرایەتی و بانگەشەی تووند، چیرۆکی هەڵبژاردنی 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە کۆتایی. ئەنجامەکانی دەنگدان یەکلابوونەوە و دۆناڵد ترەمپ دەبێتە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتە زلهێزەکەی جیهان.
بەپێی ئەنجامی ویلایەتەکان، دۆناڵد ترەمپ دەنگەکانی گەیشتنە سەروو 270 دەنگی کۆلێژی هەڵبژاردن. ئەوەش بە واتای زۆرینەی دەنگەکانە لە ویلایەتەکان.
بەم ئەنجامە، ترەمپ دەبێتە دووەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا کە لەپاش شکست، بگەڕێتەوە سەر کورسیی دەسەڵات.
ئێستا ترەمپ تەمەنی 78 ساڵە، رووبەڕووی چەندین سکانداڵ بووەتەوە، چەندین کەیسی لە دادگەکان لەسەرە و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دوو جار لە مەرگ رزگاری بوو. ئەو لەگەڵ هەموو ئەو دۆخانەدا، زۆرینەی شەقامی ئەمریکی رازیکرد هەڵیبژێرنەوە.
لە گوتاری سەرکەوتنیدا ترەمپ رایگەیاند، خودا مەبەستی هەبووە کە ئەوی لە مردن گەڕاندووەتەوە، مەبەستەکەش بە گوتەی خۆی، بۆ سەرخستن و گەشاندنەوەی ئەمریکایە.
ترەمپ سەرۆکایەتیی ئەمریکای بە "گرنگترین کار لە جیهان" ناوبرد و گوتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی داوە، بەڵێنەکانیشی دەباتەسەر.
وەڵام بدەوه