هەرچەندە زۆرینەی ولاتانی مسوڵمان نیازی خۆیان نیشانداوە كە لە ئێوارەی رۆژی دووشەمی مانگی داهاتوو (8/4/2024) بەدوای هیلالدا بگەڕێن و یەكەم رۆژی جەژن دیاری بكەن، بەڵام كۆمەڵەیەكی پێشكەوتووی فەلەكناسیی لەبارەی ئەگەرەكانی بینینی هیلال لەو رۆژەدا رای گەیاند: مەحاڵە بتوانرێت لەو ئێوارە و رۆژەدا مانگ ببینرێت و بەم هۆیەوەش 10ی نیسان كە دەكاتە رۆژی چوارشەم جەژنی رەمەزان دەبێت.
ناوەندی فەلەكی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە ئیماراتە رای گەیاند، ئەگەر پشت ببەسترێت بە بینینی مانگ، ئەوا یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەكەوێتە 10ی نیسانی مانگی داهاتوو لە رۆژی چوارشەمدا.
سەنتەرەكە لە هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی " ئێكس"ی تایبەت بەخۆیان بڵاویان كردووەتەوە، ئەو وڵاتانەی كە لە رۆژی دووشەم و لە 11ی ئەم مانگەدا یەكەم رۆژی رەمەزانیان دیاری كرد، لە رۆژی دووشەم لە 8ی نیسانی مانگی داهاتوودا بەدوای مانگدا دەگەڕێن، بەڵام بینینی مانگ لەو رۆژەدا مەحاڵە، چونكە مانگ پێشی خۆر ئاوا دەبێت لەو رۆژەدا، هەر بۆیە ئەم وڵاتانە 30ی رۆژی رەمەزان پڕ دەكەن و 10ی نیسان بە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاری دەكەن.
جێگەی باسە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر یەك لە وڵاتەكانی سعوودیە، میسر، ئیمارات، قەتەر، كوەیت، یەمەن، لبنان، فەلەستین، سودان، عێراق و سوریا رۆژی دووشەمیان كرد بە یەكەم رۆژی رەمەزان و بەم پێیەش بە هیچ شێوەیەك ناتوانن مانگ ببینن لەو رۆژەی كە تەرخان و دابینیان كردووە بۆ بینینی هیلالی شەوال لە 8ی نیسانی مانگی داهاتوودا، ئەمە ئەگەر "بینینی چاوی سەر" بكەن بۆ بنەمای بڕیاردان.
بەڵام ئەو وڵاتانەی كە 12ی ئاداریان بە یەكەم رۆژی رەمەزان دیاری كردووە، لە ئێوارەی سێشەم "9ی نیسان" بەدوای مانگدا دەگەڕێن و بە ئاسانی دەتوانن بە "چاوی سەر" مانگ ببین و بەم شێوەیەیش یەكەم رۆژی جەژن دەبێتە چوارشەم 10ی نیسانی 2024.
وەڵام بدەوه