وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی لەبارەی دانیشتنەكەی دوێنێی نێوان ئەنتۆنی بلینك و مەسروور بارزانی بڵاو كردووەتەوە و لە بەیاننامەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەمەریكا لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی خۆڕاگری كوردستان بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەم 27ی شوباتی 2024، لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی كوردستان باسیان لە گرنگی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كردووەتەوە لە پێناو پابەندبوونی هاوبەشی نێوانیان بۆ سەقامگیری ناوچەكە.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن پشتیوانی خۆی دەربڕیوە لەپێناو هاوئاهەنگییەكی باش لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و باسیش لە گرنگی یەكگرتوویی ریزەكانی كورد كراوە لە پێناو سەقامگیری ئابووری بۆ تەواوی عێراق.
ئەوەیش نووسراوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانی خۆڕاگر.
جێگەی ئاماژەیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبەیاننامەكەیاندا چەمكی "resilient IKR"یان بەكارهێناوە، بەمانای هەرێمی كوردستانی خۆڕاگر دێت و لە شیكردنەوەی زمانەوانیدا كە "وشە" لەسەرچاوەی فەرهەنگییەوە وەریگرتووە ئەم چەمكە لەو كاتانە بەكاردێت كە سەرباری هەموو ئەو پاڵەپەستۆ جیاوازە سیاسیی و ئابوورییانەی كە كراوەتە سەر كوردستان بەڵام هەرێمەكە هەر بەپێوە ماوەتەوە.
وەڵام بدەوه