بە گوێرەی میدیا عێراقییەكان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پێشوەختە کە وەك ئەوان دەڵێن واشنتۆن بەنیازە لە دژی نەیارە میلیشا چەكدارەكانی لە عێراق و سووریا ئەنجامی بدات، ترسی خستووەتە دڵی ئەو گرووپانەی كە نزیكن لە ئێرانەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە ئامادەكارییان بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و وەڵامدانەوە كردووە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە بنکەکانیان لە ئەنبار لە عێراق و دێرەزووری سووریا، ئەوەش دوای ئەوە هات، كە لە لایەن گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە، لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، هێرش کرایە سەریان.
لەمبارەیەوە (وەن نیوز) ئاشكرای كردووە، هێزەکانی ئەمەریکا پلانیان هەیە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا دابخەن و ناوچەیەکی پارێزراو دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی بنکەکانیان لەوێ تووشی هێرش نابنەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییە دزەپێکراوانەی میدیاكان، واشنتۆن سەرۆکی کوتلەیەکی چەکداریی عێراقی دڵسۆز بە ئێرانی تۆمەتبار کردووە، بەوەی ئەم هێرشانەی ڕێک خستووە کە هەژموونی ئەمەریکایان لە سووریا کردووەتە ئامانج.
هاوكات، باس لەوەش دەكرێ، كە ئەمریكا بەنیازە لە ڕێگەی درۆن و فڕۆكەوە هێرش بكاتە سەر هێزە میلیشاكانی سەر بە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووریا.
هەروەها هۆشداری داوەتە حەشدی شەعبیی عێراقی، كە لە ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئەو هێزە میلیشیایانەی ئێران لە سووریا وەڵامیان نەبێت، ئەگەر نا ئەوانیش بە هێرش وەڵام دەدرێنەوە.
هەموو ئەم دەنگوباسانە لە سەروەختێكدایە، كە ئەمریكا بە فەرمی رایگەیاندووە، هێنانی ئەو چەك و تفاقە زۆرەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوەكانی كەنداو، بۆ ئەوەیە كە كەشتییە بارهەڵگر و بازرگانیەكانی لە هێرشەكانی ئێران پارێزراو بن.
وەڵام بدەوه