سەرۆك وەزیرانێك كە مێژوویەكی شكۆمەند تۆمار دەكات
پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر دیداره‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستای بەڕێز مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دیداره‌كانی رابردووی، وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ری هێژا.
له هه‌ر دیدارێكدا، له سۆنگه‌ی كێشە و گرفت و كەموكوڕییەكانەوە، خەڵكی جیاوازی كوردستان، پرسیار و رەخنە و پێشنیاری جیاواز ئاراستەی سەرۆك وەزیرانەكەیان دەكەن، لێ هەموو جار و لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەی بەڕێز مەسرور بارزانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكان، یه‌كه‌م شت، كه سه‌رنجم رادەكێشێت، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێمنانه و بێ هەڵچوونیەتی، هەمیشە وەڵامەكانی راستگۆیانە و ده‌وڵه‌تمه‌دارانه‌یە و بێ پێچ و پەنا، دەیەوێ راستیەكە بە كەسی پرسیاركەر بگەیەنێت، ئەو به‌بێ سنوور و هێڵی سوور، هه‌م پرسیار وه‌رده‌گرێ و هه‌میش وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
چوار ساڵی تەواوە، ئەم گەنجە رژد و دڵسۆزەی ماڵباتی بارزانی كە هەم باگگراوندی پێشمەرگایەتیی هەیە و هەم بڕوانامەی ئەكادیمی لە زانكۆی بەرز و هەم ئەزموونێكی باشی لە ئیدارەداندا هەیە، بە ئیرادە و ورە و هێزێكی سەیرەوە سەرۆكایەتیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پرۆژە و ئامار و چالاكی و هەنگاوەكانی دیارن و من ناتوانم لە كورتە وتارێكی ئاوهادا، یەك یەك بیانژمێرم، ئەمما كاتێ باس لە هەنگاو و پرۆژە و دەستكەوتەكانی سەردەمی مەسرور بارزانی دەكەین، هەموومان ئەوەمان لەبەرچاوە كە قەیرانی دەرەكی و ناوخۆیی گەورە، رووبەڕووی ئەم كابینەیە و ئەم سەرۆك وەزیرانە بووەوە، لێ جارێكیان ئەو قسەیەی مەسرور بارزانی زۆر دڵخۆشی كردم و زۆریش لام گرنگ بوو كە گوتی: ”ئەگەر بە تاقی تەنیاش بم، ئامادەم بەرپرسیارێتییەكە هەڵگرم“ ئەم قسەیە مرۆڤ هێز و ورەی لێ وەردەگرێت، هەر بۆیە توانی قەیرانگەلی (كۆرۆنا، داڕمانی نرخی نەوت، فشاری عێراق، بڕینی بودجە، خیانەت و ناپاكیی نێوخۆی كوردستان و درۆنباران و مووشەكبارانی دەوڵەتانی دراوسێ)ش تێپەڕێنێت و بە هەزاران پرۆژەی گرنگیش جێبەجێ بكات.
خەڵكی كوردستان لەبیرتان بێ، چوار ساڵە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، چوار ساڵیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سەرەوە بەشداری سەرەكیی حكوومەتە و لەژێرەوە سەدان خیانەت دەكا و سەدان پاشقول لە حكوومەتی هەرێمی دەگرێت و سەدان موئامەرەی لە دژ دەكات، یەكێتی جیا لەوەی دەستی بەسەر داهاتی زۆنێك یان لایەكی تەواوی هەرێمی كوردستاندا گرتووە و بۆ خۆیی دەبات و بەردەوام بە حكوومەتی هەرێم دەڵێ: (هی خۆم بۆ خۆم، هێ تۆش دەخۆم) هاوكات هەر ئەو یەكێتییە لە میدیاكانیەوە خۆی دەكات بە شەریفی مەككە و وەك ئۆپۆزسیۆن قسە دەكات و ئامادەش نیە بچووكترین بەرپرسیارێتیی ئەم وڵاتە هەڵبگرێت.. لە خوێنەری ئازیز دەپرسم: توو خوداتان، جگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ حكوومەتێكی هەیە لە دنیادا بەرگەی ئەو رفتارە ناشرینانەی هاوبەشێكی سەرەكیی حكوومەت بگرێت؟
دەگەڕێمەوە بۆ دیدارەكە، من به خه‌ڵكی خۆشەویستی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له كایه سیاسی و میدیاییەكاندا كار ده‌كه‌ن، دەڵێم: ”تكایە كاتێك تەرخان بكەن و لە ئەنتەرنێتەوە سه‌یری بەرنامەی (سه‌رۆك وه‌زیران و خه‌ڵك) بكه‌ن، تا بزانن چەند كاری باش كراون و ئه‌و پرۆژانه‌ش كە به‌نیازن له ئاینده‌دا ئه‌نجام بدرێن، چه‌ند به‌سوودن بۆ هه‌رێمی كوردستان، تا بزانن ئەوانەی رێگری لە حكوومەتی هەرێم دەكەن، چەند كارێكی خراپ دەكەن و چەندە لە دژی كوردستان و خەڵكەكەیدان.. تا هێز و هیواتان لا دروست ببێت، تا بزانن ئه‌و دیدگا دووربینه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌باربردنی ئه‌و ده‌نگانه‌یه، كه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، ناحه‌زن و ده‌نگیان به‌رزە و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و گه‌ندەڵكارییدا هه‌یه.
بازنه‌ی باسه‌كه‌ی دیداری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه، له سۆنگه‌ی خه‌مخۆریی بوو بۆ خەڵك و هاوكات په‌یام گه‌یاندن بوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه نایانه‌وێت كار و به‌رنامه‌كانی مه‌سرور بارزانی و حكوومەتەكەی لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستاندا سه‌ركه‌وێت. كابینه‌ی نۆ له سه‌ختترین و دژوارترین كاتدا له‌دایك بوو، چوار ساڵ ته‌مه‌نی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كۆسپانەی بۆی هاتنه پێش، توانیی مێژوویه‌كی شكۆمه‌ندانه بۆ خۆی بنووسێته‌وه.
بۆیە بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری (پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری، بازرگانی) زیاتر ببووژێتەوە و دۆخی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتوورییمان له‌م ئاسته‌ی ئێستای باشتر بكرێت، ئه‌وا ده‌بێ هەموو خەڵكی كوردستان، سەرەتا بە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئنجا بە هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بڵێن: ”تكایه گه‌ر هاوكاریش نابن، مه‌بنه ڕێگر لە كارەكانی حكوومەتی هەرێم“كە هیچتان بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین پێناكرێت، رێگرییش مەكەن لەوەی مەسرور بارزانی وەك سەرۆك حكوومەتێك خزمەتی ئەو ناوچانە بكات. روانگه‌ی قووڵی مەسرور بارزانی بۆ ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ئایندەشی، فاكته‌رێكی گرنگه بۆ گه‌شه‌كردنی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاكه‌مان.
زۆر جار باس له پرەنسیپه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیەكان ده‌كه‌ین، باس له ئامانجه باڵاكانی كوردستانیان ده‌كه‌ین، سەرنج لە هەڵوێستی حزبه كوردستانییەكان دەدەین، زۆربەشمان دەپرسین: ئەرێ ئەم حزبانە بۆچی دروست بوون؟ ئایا بۆ ئه‌وه دروست بوون، كورد و كوردستانیان و كوردستانی خۆشەویستمان، بگەیەننە كەنارێكی ئارام، یان دەیانەوێ غەرقی دەریای كەن؟ هەر بەڕاستی كفرە بە هەندێ حزب بڵێین (حزبی كوردستانی) لە كاتێكدا هەرچی هەنگاوەكانیەتی بۆ تێكدانی كوردستانە و لە دژی خەڵكی كوردستانە. راستتان دەوێ، زۆر جار هه‌ست به شەرمندەیی و ته‌ریقبوونه‌وه ده‌كه‌م كه گوێبیستی هه‌ندێك هه‌ڵوێست و لێدوانی هەندێ لەو حزبانە و سەركردەكانیان دەبم، بۆیە لە خۆم دەپرسم: تۆ بڵێی ئەمانە كەی لەكۆڵ كوردستان ببنەوە؟
ھەرمن ئەحمەد
وەڵام بدەوه