ماهیەتی جەژن وەک جاران نیە. جەژن بەلای بەشێک لە کۆمەڵگا چیتر ئەو ڕۆژە نیە هەمووان چاوەروانیان دەکردو وەک هێزێکی لە بن نەهاتووی رۆحانی هەمووانی لە دەور یەک پەیام و گوتاری ئایینی و کۆمەڵایەتی کۆدەکردەوە.
جەژن ناوبڕێکە بۆ لێبوردەیی و پێواژۆیەکە بۆ دەسپێکی نواندنی خۆشویستنی ئەویترو ئەوانیتر.
جەژن رووداوێکە لە ساڵژمێری زاکیرەماندا ھەمیشە لە چاوەروانی ھاتنیدا ساتەکان دەژمێرین.
جەژن ناوبڕێکە لە نێوان دوێنێی ئاسایی و ئەوڕۆی نائاساییدا. جەژن چەندین رەھەندی ئایینی، کۆمەڵایەتی وکولتوری ھەیە. ھێمای گەڕانەوەیە بۆ دۆخی نواندنی خۆشەویستی و خۆشیکردن و پڕ کردنی ساتەوەختەکان بە کۆمەڵێک ئاکارو ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک نەریتی باوو دانسقەی تایبەت بەم بۆنەیەوە.
جەژن وێستگەیەکی جێی سەرەنج و خاڵی وەرچەرخانە لە پانتای ژیان و گەیشتنە بە وێستگەیەک بەدرێژایی ساڵ چاوەروانی ھاتنی دەکەین و لەگەڵ تارمایی و قورساییەکەیدا رۆژەکان بەڕێ دەکەین و تامەزرۆی ھاتنین.
لە روانگەی ئایینیەوە جەژن لوتکەی پەیوەست کردنەوەی رووبەری رۆحە بە خۆشویستنی پەروەردگارو ئافرێنەری مرۆڤ و بوونەوەر و زەوی و ئاسمانەکانەوە. پەیوەست کردنەوەی رۆحە بە مەعریفەی ئایینی یا جڤاکی و گەڕانەوەیە بۆ مەعنەویات و خاڵی كردنەوەی دەروونە لە رق و قین و مەیلی خراپەکاریەوە.
وەڵام بدەوه