Kurdistan Press - هەژمونگەرایی دەرەکی هەژمونگەرایی دەرەکی | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هەژمونگەرایی دەرەکی

ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی رووداوە سیاسیەکانی عێراقدا روودەدات و لایەنێکی دەرەکی  بە ئاشکراو بێ سڵەمینەوەو شەرم، ئەو پەڕی هەوڵەکانی خۆی بۆ سەپاندنی هەژمونی تائیفیەوە خستۆتەگەڕەوە، دەیان هێمای پرسیاری بونیادی و فەلسەفی،  دەخاتە سەر سیادەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵەوە و سەتان راڤەی سیاسی لێدەکەوێتەوە. 

عێراقیەکان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە دوای رووخانی بەعس و ڕاماڵینی پاشماوەکانی هزری  بۆگەنی بەعسیسزم، بەهیوای هێنانەکایەی دەوڵەتێەوە بوون ڕەنگدانەوەی بەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانەوە هەبێ و حکومەتێکی دیموکراتی پلۆراڵ، بکارێ  لانی کەمی بنەماسەرەکیەکانی  ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات و گەلانی عێراق لەم بارودۆخە ئاڵۆزەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی باشتر و دڵنیاترو قۆناغ و وێستگەیەکی هیوابەخشترەوە.

جگەلەمەش عێراقیەکان هیواخوازبوون سەروەری یاسا، کۆمەڵێک دەرەنجامی باش و ئەرێنی  بەرچاوی لێبکەوێتەوەو نیشتیمان و کۆمەڵگا لە سایەی قانون و شەفافیەت و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن و سەرخستنی شەراکەتی راستەقینەوە، رووەو ئاسۆیەکی گەش  و  پڕ لە دڵنەوایی و دڵنیایی و متمانەوە هەنگاو بنێت. 

تکاندنی تۆزوخۆڵی دیکتاتۆریەتی ملهوڕی بەعس و نۆژەن کردنەوەی فکرو  گەڵاڵەکردنی تێڕامانە واقعگەراکان و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر پاشماوەی کەلاوەیەکی داڕماو، ئەرکو بەرپرسیارەتیەکی گەورەی خستە ئەستۆی دەسەڵاتداران و حوکمرانانی عێراقەوە. 

لێ مخابن دەستی دەرەکی و هەژمونگەرایی هێزەهەرێمایەتیەکان  بە گشتی و نەمازە وڵاتێکی دراوسێی ئەم عێراقە تائیفیە، هەنوکە گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیارو وێستگەیەکی تا بڵێی ترسناکەوە. 

ئەم هەژمونگەراییە کارێکی  زۆر نەرێنی کردۆتە سەر سەرلەبەری پرۆسەی سیاسیەوەو یەکسانە بە تێکدانی دۆخی ناوەخۆی عێراق بە ئاراستەی پاراستن و زامن کردنی بەرژەوەندیە تائیفی، ستراتیژی و سیاسیە هەرێمایەتیەکانەوە. 

بەداخەوە تەسلیم کردنی ویست و ئیرادەو خواستی بەشێک لە هێزە تائیفیە عێراقیەکان بە هێزێکی دەرەکی و وێناکردنی بە نێوماڵی شیعە و بە پیرۆزکردنی رەمزەکانی نێو ئەم نێوماڵە، یەکسانە بە سەرخستنی بیری تائیفی و تۆخ کردنەوەی ئەم دیاردەیە. 

ئەم دۆخە ئاڵۆزکاوە لە چەشنی گزێژەلوکێکی فرە ئاراستە، دەرزێکی گەورەی خستۆتە نێو ریزەکانی گەل و واخەریکە گشت هەوڵەکانی خستنەسەر رێرەوی راستەقینەی پرۆسەی سیاسی و دەست نیشان کردنی کاندیدێکی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە بار دەبات و لایەنەکان زیاتر رووبەرووی یەکتر دەکاتەوە و ئاسۆی چارەسەریەکان لێڵتر دەردەکەون.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه