هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە جەستەی هەرێمی کوردستان زادەی وەهمە. وەهمی خۆ بە زل زانین. خۆبە زل زانینێک ئەشێ لەو کەشوهەوایە نشوونمای کردبێ ئەتوانین ناوی بنێین زۆنگاوی وەهم.
دابڕاندنی هەرێمێک، ناوچەیەک، شارێک، گوندێک، ئاواییێک و تەنانەت گەڕەکێکی شاریش لە هەرێمی کوردستان بە هیچ درۆو چەواشەکاریێک پاساو نادرێت.
بە درێژایی مێژووی خەباتی کوردان بۆ ئازادی و پچڕاندنی تەوقی ژێردەستەیی و ستەمی نەتەوایەتی، داگیرکەرانی کوردستان گشت رێگاو ئامرازێکیان بۆ لەتوپەت کردنی کوردستان تاقی کردووەتەوە.
هەرلە لکاندنی بەشێک بە بەشێکی ترو جێگۆرکێ کردن بە ناوی قەزاوناحیەکانەوە بگرە تا دەگات بە پرۆسە بەدناوەکانی بە عەرەب کردن و راگواستنیشەوە.
لێ خۆشبەختانە نەیانتوانوە لە هەوڵە نەزۆکانیان سەتاسەت سەرکەوتن بەدەست بێنن و هیواوئامانجە نەتەوەییەکان لە بار ببەن.
ئەو جموجۆڵ و هەوڵەی نوێنەرانی بەشێک لە یەکێتی لە بەغداو لە سەرووبەندی گفتوگۆکردنی پرۆژە یاسای بودجەوە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێم داویان، یەکەم جارو دواجاریان نابێت.
بۆیە زۆر گرینگە حزب و لایەنە سیاسیەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی لە پاڵ پارتی، ئەم هەوڵەی یەکێتی سەرکۆنە بکەن و رێگەنەدەن چارەنوسی سلێمانیش بەدەرد کەرکوکەوە بچێت. چونکە دواجار ئەوە گەلی کوردستانە باجی ئەم سەرکێشیەی یەکێتی دەدات و هەمووان تیایدا زەرەرمەند دەبن.
وەڵام بدەوه