Kurdistan Press - سەربەخۆخوازەکانی دوێنێ لە خەمی بەغدای ئەمڕۆدان سەربەخۆخوازەکانی دوێنێ لە خەمی بەغدای ئەمڕۆدان | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەربەخۆخوازەکانی دوێنێ لە خەمی بەغدای ئەمڕۆدان

کاتێک بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، سەرەتا وڵاتانی جیھانی و ھەرێمی، بەتایبەتی وڵاتانی چواردەوری کوردستان وایان زانی بارزانی تەنھا وەکو فشارێک ئەم بڕیارەی داوە گەر نا جدی نیە قەد ڕیفراندۆم ناکات، کە ڕۆژی ڕیفراندۆمیش دیارکرا ھەر وایان زانی ھێشتا ئەوە بڕیارێکی جدی نیە، بەفشار خستنە سەری لە بڕیارەکەی پاشگەزدەبێتەوە، مێژوویەکە تەنھا لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، پراکتیزە ناکرێت. بەڵام ڕۆژ بەدوای ڕۆژ کە نزیکی ڕۆژی ڕیفراندۆم دەبوینەوە بۆ نەیارانی کوردستان دەرکەوت کە بارزانی ئەم جارە لە بڕیارەکە پاشگەز نابێتەوە، ھاواریان لێ ھەڵسا، دەستیان کرد بە ھەڕەشەکردن بۆ ئەوەی کەئەوەی لێی دەترسان نەبێت کە ڕیفراندۆم بکرێت. 

کە چوار دەوری کوردستان زانیان فشار و ھەڕەشەکانی ئەوان سەرناگرێت، بارزانی نایاتە ژێر بار، پشتیان بە ئەمریکا بەست، کە بەھەر ڕێگایەک بێت بارزانی پاشگەزبکەنەوە لە بڕیارەکەی، چونکە ئەوان دەیانزانی لەسەدەی بیست و یەک ھیچ کەسێک جورئەت ناکات بەئەمریکا بڵێت نەخێر، بەڵام بارزانی بەئەمریکا و ھەموو جیھانی ووت نەخێر بە گەلی کوردستانی ووت بەڵێ. لە ناو ئاپورای جەماوەری کوردستان لەھەولێری پایتەخت بارزانی فەرموی "من خۆم شەرمەزاری میللەتەکەم ناکەم"، کە بە ناڕاستەوخۆ  بەھەموو یار و نەیارەکانی کوردستان بەئەمریکاشەوە ووت نە پلە و پۆست و ئیمتیازاتی شەخسی، نە ھیچ شتێکی تر جێگای ڕیفراندۆم ناگرێتەوە لەبڕیارەکە پاشگەز نابینەوە. 

ڕیفراندۆم کرا سەرکەوتنی گەورە تۆمارکرا، نەیارانی کوردستان شۆک کران، کە نەیانتوانی ڕێگری لەوەبکەن ڕیفراندۆم بکرێت،  چونکە لای ئەوان ڕیفراندۆم مەحاڵ و حەرام بوو بۆ کورد، کە ڕیفراندۆم بکرێت ڕۆژێک دێت ھەر دەوڵەتی کوردستان لە سەر بناغەی ئەو ڕیفراندۆمە دروست بکرێت. کە خودی ڕیفراندۆم سەنەدە بەدەستی کورد، ڕاستە ئەوان توانیان بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ چەند شەخسی حیزبێکی دیارکراو ئەو ڕۆژە پاش بخەن بەڵام ئەوان باشتر لەھەموو کەسێک دەزانن کە قەد ناتوانن دەنگی 93%  خەڵکی کوردستان بسوتێنن و نەیھێڵن. ھەر  ئەو دەنگە دەبێت بگاتە مەبەست، گوێیە کەڕەکانی جیھان ئەو دەنگە ببیستن گەر چەند گوێیان ئازاریش بدات. 

ئێستاش ئەوانەی دوێنێ دژایەتی ڕیفراندۆمیان کرد، بە قومار و سەقەت ناویان برد، کە بەرژەوەندی ئەوان کەوتۆتە مەترسی لەبەغدا، بابەتی ڕیفراندۆم دەورژێنەوە، بۆ بەلاڕێبردنی واقیعی ئەمڕۆی لەعێراق دروست بووە، بۆ ئەوەی بە دەنگی نەشازی خۆیان دژایەتی پارتی پێ بکەن. دەڵێن سەربەخۆخوازەکانی دوێنێ لە خەمی بەغدای ئەمڕۆدان. 
ئەوەی ڕاستی بێت گەر ڕیفراندۆمچیەک سەرۆک کۆماری عێراق بوایە، نەک ئەوان، ھەرگیز دەستور بەم شێوەیە پێشێل نەدەکرا، ڕاکان جبوریەک پارێزگاری کەرکوک نەدەبوو، حەسەن پلایسێک بازگەی بۆ کورد لێ نەدەدا، تەعریبکردنی ناوچە کوردیەکان کۆتایی دەھات، دۆخی شنگال دەمێک بوو ئاسای بوبۆوە، بودجە نەدەبڕا، زۆربەی مافەکانی گەلی کوردستان  زامن دەکران. 

پارتی لە ھەر کوێ بێت، لەناو جەرگی بەغدا بێت یان لە تاران و دیمەشق و ئەنقەرە بێت، ھەر سەربەخۆخوازە، خاوەن بڕیار و ئەجێندای تایبەت بەخۆیەتی، ئیرادەی خۆی ڕادەستی کەس ناکات، نەک وەکو ئەوان ئەجێندای ئەملا و ئەولا لەسەر سەپێنرابێت، ئەوەی نەگۆڕە لەمیتود و فەلسەفەی پارتی دا لە ھەر کوێبن داکۆکی کاری سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان دەبن، ھەر چەند فشاریش لەسەر بێت سازش لەسەر ھیچ مافێکی گەلی کوردستان ناکات. 

ئەمڕۆش بەھۆی ئەو واقیعەی کەھەیەتی کەھێشتا کوردستان بەشێکە لەعێراق، پارتی دەیەوێت بەشداربێت لە دروستکردنی بڕیار لە گوپیتگەی دەسەڵاتی عێراق، وەکو دەوڵەتێک ڕەفتار دەکات نەک حیزب، کەبەرگریکاری گەلێک بێت کە بەدرێژایی مێژوو چەوسێنراون، نەک حیزبەیاتی وەکو ئەوان لەسەر زاڵ بێ، بەدوای بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی بێت، پارتی دەیەوێت حسابی بۆ بکرێت پشت قایمە بە گەلی کوردستان، نەک وەکو ئەوان پاشکۆبن کەپشتیان بە ئەملا و ئەولا بەستوە. پارتی لەگەڵ حکومەتێکە کە خۆیان و  پێکھاتەکانی تری عێراق دروست بکەن، خۆیان تێیدا بڕیاردەربن، نەک وەکو ئەوان کە دەیانەوێت دەستی دەرەکی و بێگانە حکومەتێک دروست بکات کە خۆیان تەنھا جێبەجێکاری ئەجێندای ئەوان بن. 

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی ئامرازە نەک ئامانج، بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کەسەرۆک کۆمار ھەیەتی بەکاری بھێنێت بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، ھەر ھیچ نەبێت دەستور بەم شێوەیە پێشێل نەکرێت، نەک وەکو ئەوان کە پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئامانچ بزانن بۆ گەیشتن بە ئیمتیازە زۆرەکانیان، تەنھا سودی بۆ شەخس و  حیزبی خۆیان ھەبێت، کوردیش لەبەرچاوی ئەوان ببن بەخەڵوز قەد نەیەنە دەنگ. 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه