کەتۆ لە شتێک سەرکەوتو نەبووی، براوە نەبوی، پێویست ناکات ھەڕەشە بکەی بڵێی مادەم شتەکە بەدڵی من نەبووە، تێکی دەدەم ناھێڵم بۆتۆش ببێ. کە وات کرد ئەوکات ھیچ دەرفەتێکی تر بۆتۆ ناڕەخسێتەوە کۆتایی بەخۆت دەھێنی، سفر دەبی. جا ئەوەی پێویستە لەسەرت کاتێک شتێک بەدڵی تۆ نەبوە، بزانی ھەڵەکانت چی بوون کەشتەکە وەک تۆ نەبوە وەکو ئەوی تر بووە، بزانە ئەو چی کردووە تۆ نەتکردووە، ھەڵەکانت لەکوێ دابوون، بۆ ئەوەی جارێکی ئەو ھەڵانە نەکەی، باشتر خۆ ئامادەبکەی و بگەیە کرۆکی سەرکەوتن، ئەوکات خۆت براوە دەبی.
لەسیاسەت دا، نە سەرکەوتووی ھەمیشە ھەیە، نە دۆڕاوی ھەمیشە ھەیە، ئەو حیزبە و کەسە سەرکەوتوو دەبێت کاتێک کە ھەڵەیەک دەکات جارێکی تر ئەو ھەڵەیە دووبارە نەکاتەوە، پێداچوونەوە لە خۆیدا بکات، گلەیی لەکەس نەکات، بەڵکو گلەیی لەخۆی بکات کەنەیتوانی خۆی باشتر بکات لەڕکابەریەکەی دا، بۆ ئەوەی جارێکی تر باشتر بێت بگاتە ئامانجەکانی.
زیاتر لە نیو سەدە، لەدوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا کە لە ھەناوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست بوو، کودەتا بەدوای کودەتا دروست دەبوون، ھەمیشە لەشکر دەستێوەردانی لە کاروباری وڵات دەکرد، ھەرکێ ھاتبوایە سەر دەسەڵات ھەمان ھەڵەکانی سەرۆک و سەرکردەکانی پێشوی دەکرد کە کودەتا لە سەری کرابوو، لە دەرئەنجامدا ئەوەی کودەتای دەکرد کودەتا لە سەر ئەویش دەکرا.
بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان کەئەردوغان سەرۆکایەتی دەکات لەساڵی ٢٠٠٢ بەشداری لە دەنگ دان کرد بوە براوەی یەکەم، کە ماوەیەکی زۆر کەم بوو دامەزرابوو، ئەو پارتە خۆی لە سیستەمی کلاسیکی، ئەو ھەڵانەی پارتەکانی پێشوو دەکرد خۆی لێ دوور خستەوە، سیاسەتێکی نوێی گرتەبەر، ئەزمونی لەھەڵەکانی ئەوان وەرگرت، خۆی زیاتر نزیکی گەل کرد، کە ئەوکات ئابوری تورکیا لەداڕمان نزیک بوو، کورت ھێنانی بودجە، قەرزی دەرەکی نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار بوون.
پارتی داد و گەشەپێدان لەماوەیەکی کەم چەند بڵێنی دا، کە وتیان تورکیا لە ساڵی٢٠٢٣ دەکەینە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جییھان، زۆری نەخایاند بەڵێنەکانی کردە کردار، لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیا بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیھان، کە لەجیھان دا لە ڕێزبەندی ١٦ بوو، لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێزبەندی ٧ بوو. ھەتا ئێستاش ھەر حیزبی داد و گەشەپێدان حوکمڕانە لەتورکیا، گەر نەکەوێتە ھەڵەوە ماوەیەکی زۆر زۆر تا چەند ساڵی تریش حوکمڕانی دەکات.
برادەرانی سەرکردایەتی یەکێتی پێویست بەو ھەمو ھەڕەشانە ناکات، ھەر کەشتێک بە دڵی ئێوە نەبوو، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھەڕەشە بکەن، جارێک بەلامەرکەزی سلێمانی بگرن جارێک بە ھەرێمی سلێمانی بگرن، جارێک دەست بگرن بەسەر داھاتەکان وەکو کارتی فشار بەکاربھێنن، ئەزمونتان لە دوێنێی خۆتان وەر نەگرتووە، ھەتا دوێنێ حاکمی نیوەی کوردستان زیاتر بوون، چی وای کرد ئەمڕۆ لە دھوک ببن بەبێگانە کەبون و نەبونتان وەکو یەکە، لە ھەولێر ھەرچەند کەسی کەمی ماوە لە دەورتان کە ئەویش شەخسین نەک مەبدەئی و حیزبین، کەرکوک کەبەقودس ناوتان بردبوو نیوەی دەنگی خۆتان زیاتر لە دەستان دا، سلێمانی کە بەتەواوی سەوزبوو، ئەمڕۆ قاوەیی و پڕتەقاڵی شوێنتانی گرتووە، بەم شێوەیە بێت نەک بە یەکەم و دووەم جاری داھاتوو بە سێیەمیش مەمنون دەبن.
پۆستێک ئەوە ناھێنێت کەخۆتان بۆی لەدەست بدەن، مادەم ئێوە و پارتی ناکۆکن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، با پرۆسەی دیموکراسی حاکم بێت، کێش براوە بوو ئەوەی تر پیرۆزبایی لێ بکات، بەھەڕەشەوە نەیگرێت، بەڵکو بزانن ھەڵەتان چیبووە، ھەڵەکانتان چاک بکەن، خۆتان لە ڕکابەرەکەتان باشتربکەن بۆ ئەوەی جاری داھاتوو ھاوکێشەی حوکمڕانی بەدڵی ئێوە بێت، نەک لەئێستاوە ھەمان ھەڵەکانی پێشوو بکەن، کەئێستا لەناو ڕکابەرین گەر ھەمان ھەڵەبکەن جاری داھاتوو بەتەواوی لە دەرەوەی ڕکابەری و ھاوکێشەی حوکمڕانی دەبن، حیزبی تر شوێنتان دەگرێتەوە.
زۆرن ئەو حیزبانەی کە دوێنێ حاکم بوون، دار و بەردی عێراق بەدەستەوە بوو، خۆیان نەخشەی حوکمڕانی عێراقیان دادەڕشت، ئەمڕۆ بەتەواوی لە دەرەوەی ھاوکێشەی حوکمڕانین، ھەر ئەوە ماوە فاتیحە لەسەر جەنازیان بخوێنرێت،چونکە لەڕێڕەوی سیاسەت دەرچون، پشتیان لە خەڵک کرد، خەڵکیش بەتەواوی ئەوانی سزادا، کێ بتوانێت زیاتر نزیکی ئازار و مەینەتەکانی خەڵک بێت بەکردار نەک گوفتار، ئەو براوە دەبێت ھاوکێشەی حوکمڕانی بەدڵی ئەو دەبێت. یەکێتیش گەر بەردەوام بێت لەسەر ھەمان سیاسەت لەماوەیەکی نزیک خەڵک فاتیحە لەسەر جەنازیان دەخوێنێت.
وەڵام بدەوه