هەڵتەکاندنی متمانە
دەیان پەیج و ماڵپەڕو کەس و کەسایەتی و چالاکوان و زوڕناژەن و فەیسبوک وان و چاودێرو چاوتێرو سیاسی دوێنێ و ئەوڕۆی رووبەری کۆمەڵگای کوردی سەرقاڵی هەڵتەکانی بنەماکانی برواو متمانەی هاونیشتیمانیانن بە هەرێم بە گشتی و دامەزراوە فەرمیەکانی بە تایبەتیەوە.
تابۆری پێنجمەم و شەشەم و بەکرێ گیراووی ئەم و ئەوو هەڵقە لە گوێ و عەقڵ لە مست و نازانم چی چی بن و هەرچی بن، واخەریکە ئەو تۆزقاڵە متمانەیەی هاوڵاتیان ئەبوایە بە هەرێمی کوردستان و حوکومەتەوە هەیانبوایە، لە رەگ و ریشەوە هەڵی ئەتەکێنن.
بکەران و هەڵسوڕێنەرانی پشت ئەم ماس میدیا زەبەلاحەی شەوو رۆژ حوکومەت و هەرێم بە زمانێکی زبری راگەیاندنی بێ دەرگاو دەروازەی کوردی ئەکوتنەوە، باکیان بە هیچ پرەنسیپ و یاساو رێساو عورف و پیرۆزیەک و خاترگرتنێک نیە و تا بۆیان بکرێ ئەسپی تیژرەوی خۆیان بۆ پان کردنەوەو سوک کردنی کۆمەڵگاو حوکومەت و هەرێم تاو دەدەن.
ئەم راگەیاندنە گەورەیە لە ڕاوکردنی ڕای تاکەکان و گشتی کۆمەڵگاو دەسکاری کردن و چەواشەکاریەکانیاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و ئاڕاستەکەی دیارو رۆشنە.
بەداخەوە ئەم لەشکەرە بە هەژمونە توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر خراپ، متمانەی هاوڵاتیان بە حوکومەت و هەرێم و مێژوو و دوێنێ و ئاییندەو هیواو ئومێدو پیرۆزیەکان نەهێڵێ و بۆ هەر میحوەرێک چەند پەیج و ماڵپەرو بکەری شارەزاو بە توانا دابنێ و وێنای کۆمەڵگای کوردی و ژیان و حوکومەت و دامەزراوەکانیەوە بە گوێرەی سیاسەت و مەزاج و عەقڵ و بەرژەوەندیەکانیەوە بکات و خۆی لە قەرەی هەموو بابەتێک بدات و بەسەرکەوتووییش لێی دەربچێ.
لەبەرامبەردا حوکومەت و حزب سەرباری دونیایەک ئیمکانیات و کادیری راگەیاندن و رۆژنامەو تەلەفزیۆن و پەیج و ماڵپەرو کاک فڵان و فیسارە فڵان و دارایی پێویستی بەردەست، نەیانتوانیوە میلیمەترێک گۆڕانکاری لە عەقڵ و شەپۆلی دژە شەرعیەت و هەرێم و حوکومەت و پیرۆزیەکانەوە بکەن و لە ژێر تەپوتۆزی بێ ئاگایی یا ترس و ناهۆشیاری و نەزانی و چەقبەستوویی و خەواڵوییدا، بۆی پاڵ بکەون و مێشیش میوانیان نەبێ و باکیان بەم دۆخە ترسناکەی کۆمەڵگاوە نەبێ و بێ خەم و بێ خەیاڵ یەک دانە دەست پێشخەریش نەکەن.
وەڵام بدەوه