نووسەری ڕچەشکێن
ئەو کەسە نووسەری داهينەرە بتوانێ تێکستێکی شازو بەهێزو تۆکمەو هەماهەنگ و ریتمدار، لە رێگەی تواناو هێزی داهێنەرانەی شەخسیی خۆیەوە، بهۆنێتەوە و فۆرمی نووسینەکانی لەهی کەس نەچێ و کڵێشەیی نووسین و لاسایی کردنەوە نەکاتە ڕێبازی نووسینیەوە.
بۆیە داهێنان لە نووسین واتا رێچکە شکاندن و هێنانە کایەی مێتۆدو رێبازێکی تازە لە نووسین و دەربڕین و هونەرو توانای ڕستەسازیەوە. ئەم تایبەتمەندیە هەڵگری چەندین ڕەگەزو دیوی ئێستاتێکیایەکی ( جوانکاری) گرێدراوی جۆرێکە لە دونیایەکی تایبەت بە خودی نووسەر و ئەو تواناو هێزە شاراوەیەی نووسەر وەک تاکێک هەیەتی و تایبەتە بە خۆیەوە و لەهی کەسانیتر ناچێ.
هەڵبەت هیچ مرۆڤێک نیە بە نووسەری لە دایک بێت. نووسەری داهێنەر لە ئەنجامی پرۆسەیەکی دووروودرێژەوە دەبێتە نووسەر و هەمیشە لە دۆخی فێربوون و خۆ نوێ کردنەوەو داهێنانی تازەدا سەرقاڵی داهێنانی تازەو دونیای تازەیە.
ئەو کەسە داهێنەرە لە نووسین، بتوانێ پانتای ژیان بە جوانی ببینێ و خاوەن دیدێکی رۆشن بێت و لە ڕەمزو رازی حەقیقەتی کایەی پڕپێچ و پەنای ژیان ورد بێتەوەو لێی تێبگات.
نووسەری داهێنەر ئەو بکەرە ئەدەبیەیە لەگەڵ خودی خۆی ڕاستگۆ و سەرڕاست و راشکاو بێت و لەرێی سوود وەرگرتن لە دەستەواژە و چەمک و وشە پڕماناکانەوە، بینین و تێگەیشتنی خۆی و ماهیەتی دیاردەو حاڵەت و واقعە هەست پێکراوەکان، لە روانگەی دیدو تێگەیشتنی خۆی بە مێتۆدێکی جوان بنووسێتەوەو فۆرمێکی تایبەت و ماناداریان پێ ببەخشێ و لە لاسایی کردنەوەی کرچ و کاڵ دوور کەوێتەوە.
وەڵام بدەوه