بەرەنجامی ئەو یەکڕیزیەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و هاوکاری و چاوکراوەیی هاونیشتیمانیانە.
بۆ ئارامی، وەک یەکێک لە دروشمە سەرەکیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەشێ وەک هێمای بە پەرۆش بوون و هەستی بەرپرسیارەتی یەکێتیەوە بۆ ئاشتی و ئارامی سەیری بکرێت.
بەڵام وەک ئەو وتە کە باوەی کە دەڵێ: قسەو بەڵێن تا نەچێتە واری کردارەوە، پوڵێکی قەڵپ ناهێنێ، ئەم دروشمەی یەکێتیش دوای رووداوەکانی پەیوەست بە پرسی سەرۆک کۆمارێکی کورد لە بەغدا فۆرمی دروشمێکی پوچەڵی وەرگرتووە. بەوەی خۆ جیاکردنەوەی یەکێتی لە پارتی و بە فیعلی هەڵوەشاندنەوەی شاندی هاوبەش و ئیش کردن بۆ تاکە کاندیدێکی کوردی سەرۆک کۆمار، هەنوکە بۆتە هۆکاری خولقاندنی دۆخێکی پڕ لە نائارامی لە کوردستان و تا ئاستێکی بەرچاو بە شێوەیەکی نەرێنی رەنگی داوەتە سەر بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە سلێمانی و گەرمیانەوە.
سەرکردایەتی یەکێتی لە جیاتی پێداگری لەسەر کاندیدکردنی تاکە پاڵێوراوێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو تێکدانی هاودەنگی و هاوهەڵوێستی و سەرخستنی ئیرادەی یەکگرتووی گەل و یەکریزی لە بەغدا، بەداخەوە پەنای بردۆتە بەر وەگەڕخستنی مەکینەی پروپاگندەکانیەوە.
بۆ ئەم ئامانجەش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زۆر بێ باک و نابەرپرسیارانە لە رێگەی ماڵپەڕو پێگەی ئەلەکترۆنی و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە ئاراستەی چەواشەکردنی رای گشتی و دژایەتی کردنی ئاشکرای کاندیدی پارتی، هەوڵەکانی یەکخستووەو سەلماندوویەتی دەستەواژەی ( بۆ ئارامی) دەسکەڵایەک و کەرەسەیەکی ئیعلامی ناوەرۆک بە تاڵە بۆ لە خشتەبردنی خەڵک و زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم لە هەموو رووێکەوە.
روانگەی بەرپرسیارەتی مێژوویی و هەڵگرتنی دروشم و بەخۆوە لکاندنی ئایکۆنی حزبی شەهیدان و سۆشیال دیموکرات، بە نواندنی هەڵوێستی نیشتیمانی، نەتەوایەتی و دەرخستنی ئەوپوڕی ئاستی بەرپرسیارەتی و هۆشیاری سیاسی و نەرمی نواندنەوە بەندە، نەک بەرزکردنەوەی قسەی زل و دروشم و پروپاگندەو گرتنەبەری رێبازی تاکرەوی و بەلارێدابردنی رای گشتیەوە.
وەڵام بدەوه