ئیدیعای پارتی کرێکارانی کوردستان بەوەی بزووتنەوەیەکە هەڵگری خەمە گشتیەکانی نەتەوەی کوردو نیشتیمانەکەی و دروست کردنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردستانیە، جگە لە وەهم و خەیاڵ و فانتازیا شتێکی تر نیە.
دامەزرێنەران و پێشرەوو سەرکردەکانی ئەم جوڵانەوە سەربازیە سیاسیەی لە ناواخنی خۆیدا وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر شۆفینیەتی تورک دامەزرا، هەر لە دێرزەمانەوە پەیوەندی شاراوەیان هەبووە لەگەڵ دەزگا هەواڵگریە ئیقلیمیەکاندا.
سەرانی ئەم بزاڤە وەک کۆمەڵە بەرخۆرێکی ئایدیای چەپ و بەکاربەرانی حازرخۆری چەمک و فکری سۆشیالیستی، لەوەتەی ئیدیعای خەبات لە پێناو رزگاری و ئازادیدا دەکەن، نەیتوانیوە فکرو ئایدیایەکی تازە بەرهەم بێنن و واقعێکی سیاسی نوێ و دۆخێکی دڵنیایی بۆ کوردانی باکور دروست بکەن.
خولانەوەی پ.ک.ک لە هەڵقەیەکی داخراوو گیرۆدەبوونی تەوقی سەرکرایەتیەکی تاکرەوو گوێڕانەیەڵ بە درێژایی ساڵانی سەرهەڵدانی ئەم حزبە بۆ هەموو مرۆڤێکی کوردێکی نیشتیمان پەروەر و واقع بین ئاشکرایە.
فکر لە رووبەری دونیای جموجۆڵ و چالاکی مرۆڤی بیرتەسک و بەرخۆری ئایدیۆلۆژیای نامۆ بە کۆمەڵگای کوردەواری، هەمیشە نائامادەیە.
ئەم غیابی فکرو فەلسەفەی کارکردنی هاوتەریب بە واقعی جڤاک و هۆشیاری تاکەکان، وەک وەرەمێکی کوشندە سەرتاپای جەستەی فیزیکی و دۆخی ناوەکی ئەم بزاڤەی ساڵەهایە گرتۆتەوە.
پ.ک.ک هەمیشە هەوڵی داوە زیندوێتی و رەوایەتی وجودی خۆی لە رەت کردنەوەو بەگژداچوون و بچوک کردنەوەی هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانی تردا بدۆزێتەوە.
هەرئەم شێوازە بیرتەسکیەش وای کردووە ئەم پارتە لە خولیای دەرپەڕاندنی هێزولایەنە سیاسیەکانی تر و دواجار سەرکردایەتی کردنی دۆزی رەوای کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام بێت.
فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە، پارتی کرێکاران هەر بە هۆی ئەم دیماگۆجیەتەیەوە تا ئەمرۆش نەیتوانیوە لە رووی سیاسیەوە پێش بکەوێت و دارێک بخاتە سەربەردێک بۆ بەرەو پێشەوەبردنی پرسی کورد لە تورکیا، یا ئازاد کردنی گوندێکی لاتەریکی کوردستانی باکورو دڵنیایی بەخشین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لە باکوردا.
هەوڵی سەپاندنی ئایدیا و فۆرمی حوکمرانی و رویای چارەسەرکردنی پرسگرێکی کوردان لە لایەن پ.ک.ک ەوە تا ئەم ساتەش بەهۆی تاکرەویەکانی ئەم بزوتنەوە ناجەماوەریە شکستی هێناوەو ئەم هێزە تا ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوەو بچوک بۆتەوەو لە جەموەر دوورکەوتۆتەوە
. ئەم هێزە ئێستاکە گەیشتۆتە ئاستێکی وانزمەوە نە گرینگی بە عەقڵ دەدات نە بە واقع و فاکتە حاشاهەڵنەگرەکانی گۆڕەپانی سیاسی و تێگەیشتنە سیاسیەکان و تەواو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و گشتیەوە دابڕاوە و دۆزی کوردیشی دیزەبە دەرخونە کردووەو تەواو شێواندوویەتی.
وەڵام بدەوه