شۆڕشی تەکنۆلۆجیا و پێشکەوتنە بەرچاوەکانی ئەم بوارە تا ئاستێکی باش ژیانی ئاسان و دەیان دەرفەتی لەبەردەم مرۆڤەکاندا کردۆتەوە.
داهێنانەکانی تەکنۆلۆجیا هاتوون بمێننەوەو رووبەری ژیانیان بە شێوەیەک تەنیوەتەوە، بواری پەیوەندی کردنیان بۆ دانیشتوانی سەرزەوی بە جۆرێک ئاسان کردووە، مرۆڤ تا بەر لە سی ساڵیش پێشبینی بەرفراوان بوونی ئەم هەموو دەرفەت و ژەرەستە و دەرگا کراوەی نەدەکرد.
هەژمونی تەکنۆلۆجیا وەک باقی شوێنەکانی تری جیهان، هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە و سەرلەبەری جومگەکانی ژیانی مرۆڤەکانی تەنیوەتەوە.
ئەم بوارە دەیان دەرفەتی جۆراوجۆری خستۆتە بەردەم بوارەکانی مێدیاوراگەیاندن بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش دوای رووخانی بەعس و ڕاماڵینی پاشماوەکانی دیکتاتۆریەتی عەفلەقی لێی بێ بەش نەبووە.
سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆجیا لە بواری مێدیا و پروپاگندەکردن بۆ حزب و ئایدیۆلۆجیاو رویای حوکمرانی و بەرنامە و ئاراستەی کارو جموجۆڵی سیاسی و بیروبۆچوونە تایبەتیەکان، دەرفەتێک بووە کەم تا زۆر حزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و روناکبیری و دەستەو کۆمەڵەو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش سوودیان لێ بینیوە.
گومانی تێدانیە بواری تەکنۆلۆجیا هەم وەک ئامرازێکی بڵاوکردنەوەی خێروچاکەو هۆشیارکردنەوەو هەمیش وەک کەناڵێک بۆ نانەوەی فیتنەو ئاژاوەو پشێوی و پێکداهەڵشاخێن و شەڕە قسەو هۆنینەوەی جنێوو دەمشڕی، توانیویەتی بەشێکی بەرچاو لە پانتای ژیانی مێدیایی و سیاسی و جڤاکی داگیر بکات.
بێگومان لایەنە بەرپرسیارەکانی هەرێم توانیویانە لە روانگەی بەرپرسیارەتی مێژوویی و هەڵوێست و خەمخۆریەوە بەو پەڕی هۆشیاری و بەرزی ئاستی بەرپرسیارەتیەوە داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆجیاو ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بخەنە خزمەت دۆزی رەوای کورد و لە بواری بەرهەڤ کردن و پتەوکردنی یەکریزی نیشتیمانی و نەتەوەیی و خەبات بۆ مافەرەواکانی کوردستانیان سوودی لێ وەربگرن .
ئەمەش لە کاتێکدا هەندێ لایەن و بکەرو کاراکتەری نابەرپرسیارو دۆڕاوو پەراوێز کەوتووی واقعی سیاسی کوردستان، لەوانە لاهوری شێخ جەنگی و هاوکۆفەکانی بە قۆزتنەوەی دیموکراسی و ئازادی راگەیاندن و ئاخاوتن، توانیویانە لەشکەرێکی جنێوفرۆش و دەمشڕ و دەم بەهەراشی نابەرپرسیارو دۆڕاو پەروەردە بکەن و بیانخزێننە سەر رووبەری مێدیا گوماناویە پیلانگێڕەکانیانەوە.
بە دڵنیاییەوە ئامانجی سەرەکی و شاراوەی ئەم لەشکەرە جنێوسازە دەم بە هەراشە، دروست کردنی دۆخی بێ متمانەیی خەڵکە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و دامودەزگا شەرعیەکانیەوە، تا لە رێگەی پەیج و پێگەو ماڵپەرە بێ دایکوباوکەکانیانەوە لە کارگەی جنێوسازی و درۆسازیاندا، ئەوەی سووکایەتی و بێ ڕێزیە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆهەمەوە بکەن.
لاهورو دەست و پێوەندەکانی دوای تڕۆ کردن و دەرکردنیان لە ریزەکانی یەکێتی، کەتوونەتە دۆخی جینگەڵدان و هەناسەبڕکێوەو ئەم هەوڵە شاراوەیەی ئەم بکەرە سەرلێ شێواوو زەلیل کەوتوو و پەراوێزخراوە، ئەشێ وەک دوا هەوڵ و تەقەلای ناوبراو خوێندنەوەی بۆ بکرێت بە ئاراستەی تێکدانی دۆخی سەقامگیری هەرێم و لەبار بردنی ئەو ئۆقرەییەی باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە.
بە دیوێکی تردا ئەم هەوڵە نەزۆکە یەکسانە بە هەوڵدان بە ئاراستەی نانەوەی فیتنەو فیتنەگێڕی و ئەوپەڕی نابەرپرسیارەتی ئەم تاقمە دۆڕاوە بەرامبەر بە پرسی نیشتیمان و نەتەوەو خەڵک و خاک و نامۆ بوونیان بە رۆحی نەتەوەو ئامانجە باڵاکانی گەلەوە دەرئەخات و دەرخەری کرچ و کاڵ بوونەوەو ئاوابوونی ئەستێرەی بەخت و تەختی تاقمەکەی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەرە.
وەڵام بدەوه