KurdistanPress...

CLOSE

تەسلیم بوون بە ژینگەی کۆنتروڵکراو

تەسلیم بوون بە ژینگەو هەژمونی باڵادەستی هێزێکی هەرێمی لە گەرمەی دانوستان و دواجار شکست پێ هێنانی گوتاری نەتەوەیی و لەبار بردنی یەکریزی نیشتیمانی و قەومی، فەشەلی کاری سیاسی و خستنی گوتاری قەومی و داڕمانی متمانەیە. 

بریار بوو هەردوو پارتە باڵادەستەکی هەرێم بە گرتنەبەری میکانیزمێکی گونجاوی شوێن رەزامەندی هەردوولا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەغدا بکەونە گفتوگۆیەکی چڕوپڕی سیاسیەوە لە پێناو زامن کردنی جێ بە جێ کردنی خواست و داواکاریەکانی هەرێم و قایم کردنی پێگەی کورد لە سیستەمی حوکمرانی بەغداوە. 

دەنگ نەدان بەر بەربژێری پارتی و چۆڵ کردنی هۆڵی پەرلەمان لە کاتی دەنگدان بۆ  دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەرخەری باڵادەستی هزرو ئایدیاو کولتورێکی تا بڵێی ناشرین و ناقەومی و نیوەچڵی نیشتیمانی ناسەربەخۆو نامۆیە. 

ئەم هەڵوێستە دووپاتی کردەوە  جڵەوی سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  دهەمبەر پرسی کورد و  خواستەکانی هەرێم و پرەپاگندەی نیشتیمانی بوون فڕی بە جیاوازبوونی بیروبۆچوون و پلۆرالیزمی نەتەوەییەەوە نیە، بەڵکو سەلمێنەری ناسەربەخۆیی ئەم پارتەیە لە نەهج و کاری سیاسیاندا. 

ئەم هەنگاوەی شاندی باڵای برادەرانی یەکێتی لە ئانوساتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هێمایەکە بۆ دووپات کردنەوەی ناسەربەخۆیی ئەم هێزە لەو بریارو هەڵوێستانەی پەیوەستن بە داهاتوو و ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم و ئاڵۆزکردنی جۆری میکانیزمی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێرو بەغداوە. 

لە کاتێکدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەمێک ساڵە خۆی پەیوەست کردووە بە مەبنا فکریەکانی قوتابخانەی سۆسیال دیموکراتەکان و وەک نمایشکارێکی خەمی نیشتیمانیەوە دەردەکەوێت، کەچی لە کرداردا جۆرێک لە رادیکاڵ بوون و دەمدەمی بوونێکی سەرسووڕهێنەر و مۆرکی نامتمانەیی بە کردارەکانیەوە دیارە. 

یەکێکە لە قوڵترین کێشە فکریەکانی ئەم بزاڤە سیاسیە وابەستەبوونیەتی بە هەژمونی باڵادەستی ئیقلیمی و دوورکەوتنەوەی لە فەلسەفەی نیشتیمانی بوون و شوناس و هزری نەتەوەییەوە. 

دوا جوڵەی سیاسیان لە بەغدا هێمای گومان دەخاتە سەر ئەو هێزەوە بەوەی هیچ کام لە فۆرم و مۆدێلەکانی حزبایەتی و کاری سیاسی لای ئەم حزبە نە لەخزمەت دۆزی رەوای کورددان و نە دەشکرێ لە چوارچێوەی پرسێکی ستراتیژی و دانوستان و هاوپەیمانی گرێداندا پشتی پێ ببەسترێ. 

بەڵکو مانۆرە سیاسیەکانی بکەرە سیاسیەکانی ئەم حزبە فرە کوێخا و فرە جەمسەرە وەک هەمیشە بە زیان بۆ هەرێم دەشکێنەوەو هیچ دەسکەوتێکی بۆ هەرێم و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی کوردستانیان لێ شین نابێ.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه