جاران ڕێزنان لە میوان ئاکارێکی جوان….بوو…
کورد جاران بە نەتەوەیەکی میوان دۆست و سینگ فراوان ناسرابوو، ڕێزو حورمەتی لە میوان دەگرت، تەنانەت گەر نەیارو دوژمن و داگیرکاری خاک و نیشتیمانەکەشی بووای.
کورد بەوە ناسراوبوو گەلێکی میوانگر و نان دەر و سەربڵندەو هەرگیز میوان بێ ڕێز ناکات و خۆی ناخاتە دۆخێکی ناشرینی سووکایەتی کردن بە میوانەوە.
سەردانیکردنی ابراهیم تاتلیسازی هونەرمەندی کوردی باکور بۆ کوردستان بە هەرکارێکی تایبەتیەوە بووبێت، پرسێکە تایبەتی و شەخسیەو هیچ پەیوەندی بە من و تۆو ئەوانیترەوە نیە.
تاتلیساز هونەرمەندی ئەمڕۆ و هەرزەکارێکی دەمڕووتی هیچ لەبارادانەبوو نیە. ئەم زاتە زیاتر لە پەنجا ساڵە بە کوردی و تورکی ئەسپی خۆی لە رووبەری هونەر تاوداوەو هەنبانە بۆرینەیەکی دەوڵەمەندی لە بواری هونەری تورکی بە پلەی یەکەم و کوردی بە پلەی دووەم هەیە.
ئەو هەللاو هاشوهوش و سووکایەتی و هەڵمەتە جنێودانەی دوێنێ بە هۆی سەردانیکردنی ناوبراوەوە بۆ هەولێر لە سۆشیال ميدیای کوردیەوە بەدی کرا، وێنای کۆمەڵگایەک دەکا، خەریکە لە هەموو جوانی و بەهاو تایبەتمەندیێکی ڕەسەنی کوردەواری دادەشۆرێ و خووی بە سەرکێشی و جنێودانەوە گرتووە بە داروبەردو ئاسمان و رێسمانەوە.
کۆمەڵگایەک، سەرتاپای بۆنی سیاسەت و رەگەزپەرستیێکی ماڵوێرانکاری لێ دێت و لە ناخودهوشیاریەوە هەنگاو بەرەو ناشرینی و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیاوە دەنێت و پێویستی بە چارەسەرو دەرمانی بە پەلەیە.
وەڵام بدەوه