بەپرسیارەتی تێکدان لە غیابی بەرپرسیارەتی نیشتیمانی
عەلی وردی گەورە نڤیسکاری عێراقی کاتی خۆی لە نووسینێکیدا وتوویەتی:
“عێراقیەکان بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارانی بەغداوە واڕاهاتوون تێکی بدەن و حکومەت چاکی کاتەوە”
ئەوە دیمەنی شێواندنی شەقامێکی تازە قیرتاوکراوی شارۆچکەی سوێرەی سەربە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عێراقە لە لایەن ماتۆڕێکی سێ تایەوە.
ئەم دیمەنە دەرخەری کولتورێکی سەقەت و نەریتێکی وێرانکەرو ئەوپەڕی دواکەوتوویی و حەماقەتی عەقڵانیەتی ئەنجامدەرانیەتی.
رەنگە ئەم دیمەنە وێنای عەقڵیەتی زۆرینەی ئەو عێراقیانە بکات، چارەگەسەدەیەک نزاوپاڕانەوەی رووخانی بەعس و سەدامیان ئەکرد و هەر لەم پێناوەشدا دەریایەک خوێن رژاو هەزاران بنەماڵە تووشی نەهامەتی هاتن و نیشتیمانێک وێران کرا و زۆرینەیەک بە خوێن و ئارەقە باجەکەی دا.
ئەم دیمەنە تابڵێی نائومێدکەرو پڕە لە خەم و پەژارەیە.لوتکەی داڕمانی قووڵی مۆراڵی کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەو فکرو تێڕامانی ئەرێنیە.
سەرچاوەی هەستی تێکدان هەرچیەک بێت، دەرد و بێماری و پەتایەکی کوشندەی کۆمەڵایەتی و دێوێکی خەوتووی ناخی بکەرێکی سەرەڕۆ و دڕندەو گەنیە.
ئەمە وێنای دیدگایەکی هەلپەرەستی وێرانکەرە. فۆرمێکی ناشرینی هاوڵاتیبوون و بەتەنگەوە نەچوونی هاوکاری و پەراوێزخستنی خەمی گشتی و ترۆپکی پێ گەیشتوویی عەقڵێکی وێرانکەرو دژە مەنتیق و پاشڤەڕۆیە.
ئەم کردارە بەڵگەیەکە لەسەر هێزی ناوەکی و ئامادەیی عەقڵیەتێکی ئاڵۆزو نەخۆش بۆ دەست بردن بۆ هەر جۆرە جوانیەک و هارمۆنیاو ئاوەدانیەک و دەرەنجامی کەڵەکەبوونی دەیان کێشەو گرفتی دەروونیە، بکەرانی پێیەوە دەناڵێنن و هیچ هەستێکی بەرپرسیارەتی و نیشتیمان پەروەری و مرۆڤدۆستی و جوانی لە خۆیان شک نابەن.
وەڵام بدەوه