كۆتایی سەردەمی فیدراڵی
مەشخەڵ كەوڵۆسی
ململانێكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، تادێ قووڵتر دەبنەوە. بەرەو هێڵەكانی پێكدادان تادێ فراوانتر دەبن و، هیچ ئاسۆیەكی ڕوون بۆ چارەسەر نیە! چونكە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نیە بۆ ژێردەستەیی میللەتی كورد، تاكو خۆی نەبێتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان!.
تاكو نەگەینە ئەو ئامانجە، واتە ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، هەرچی مافێك یان جوڵەیەك یان مامەڵەیەك لەگەڵ كورددا، تەنها كات كوشتنە! هەر مافێك بەكورد بدرێت تەنها بەنجكردنی داواكارییە سەرەكی و زیندەییەكەیەتی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. ئیدی بەگوێرەی گەورەبوونی خەون و خەیاڵەكانی كورد، ئەو دەستكەوتەش ئێكسپایەر دەبێت و، هیچ كاریگەرییەك و سودێكی نامێنێت.
مەترسییەكەی بەغدا و دوژمنانی تری كوردستان هەر لەسەر ئەو خاڵەیە. چونكە هەست دەكەن پەیتا پەیتا ئەقڵی كورد بەرانبەر بەخۆی، بەرانبەر بەمافەكانی، بەرانبەر بەدەستەڵاتەكان و ڕۆڵ و پێگەی لەناوچەكەدا دەگۆڕێت. تاكو وای لێهات ئێستا ڕەوتێكی بەهێز لەكوردستان هەیە، تایپێكی دیكەی ناسیۆنالیزم هەیە كە جگەلە دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری تەواو، بەهیچ بەنجێكی تر، بەهیچ دەستكەوتێكی تر ڕازی نابێت و بەكەمتر لەمافەكانی خۆی دەزانیت.
دوژمنانی كوردستانیش دەزانن چی دەكەن، دەزانن لەكوێوە بەرەی پێكدادان لەگەڵ كورد دەكەنەوە. ئەوان زۆرباش ئاگاداری ڕەوتی مێژوون، دەزانن نەتەوە ژێردەستەكان، كاتێ ڕابوون و هەستاونەتەوە، هەر وەكو كورد بوون و، كوردیش بەهەمان ڕێچكەدا دەڕوات و خەریكە بەژێردەستەیی ڕازی نەبێت! كورد خەریكە هەست بەوە بكات كە كەمتر لەدەوڵەت و دەستەڵات و سەروەری تەواو لەسەر خاكی كوردستان، هەر دەستكەوتێكی تر لەگەڵیدا كات كوشتن و بێ سودە وپێی ڕازی نیە.
مەترسی بەغدا لەبەراوردێكی سادەدایە: كورد پێشتر هەر بەوەندە ڕازی دەبوو كە بەغدا نەوتی بداتێ بیكاتە چرا و سۆپاكەی! ئێستا ئەقڵی بەرانبەر بەمافەكانی گەورەترە لە پێشتر، ئێستا دەڵێت: دەبێ خۆم نەوت دەربێنم و بیفرۆشم! دەبێ نەوتی خاكی خۆم خۆم خاوەندارێتی بكەم! دەستەڵاتم هەبێت بەسەر دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتیدا!.
ئەمەش ئەو مەترسییە هەرە گەورەیە كە بەغدا وەك هێزێكی ئیمپریالیستی و وڵاتێكی داگیركەر هەیە بەرانبەر بەگەشەكردنی وشیاری كورد بەرانبەر بەمافەكانی. سەیری گرێكەی بەغدا بكەن كە دەیەوێت خۆی لەو خەیاڵەی كورد قوتار بكات: بەغدا لەسەرەتای كێشەی نەوت و فرۆشتنی نەوتی كوردستانەوە دەڵێت: خۆمان سەرپەرشتی دەكەین! ڕادەستی سۆمۆ بكرێت! داهاتەكەی بێتەوە بۆ مەركەز! ئەوجا كێشە لە بودجەی كوردستان نامێنێت!
یانی زۆر بەڕوونی بەغدا مەترسی لەوە نیە نەوتی كوردستان بفرۆشرێت، بەڵكو مەترسییەكەی لەوەیە كورد خۆی بیفرۆشێت، چونكە لای ئەو كورد منداڵێكی ژێردەستە و قاصرە و مافی ئەوەی نیە بڕیار لە كاروبارەكانی خۆی و خاكەكەی خۆی بكات، چونكە بە لۆژیكی بەغدا كوردستان خاكی ئەوە، نەك خاكی كورد! هەر بەو لۆژیكەش، كورد كاتێ مامەڵە بە نەوتی كوردستانەوە دەكات، ئەوا دەستی وەرداوە لەناو "بڕیارێكی سیادی دەوڵەتێكی داگیركەر" ئینجا چۆن ئەوە قبوڵ دەكرێت! هیچ دەوڵەتێكی داگیركەر، ئەوە قبوڵ ناكات و هەول دەدات كۆتایی پێ بهێنێت.
ئەگەر پێش 30ساڵ كورد بەفیدراڵی ڕازیبووبێت، ئێستا ئیتر دەڵێت كاتی كۆنفیدراڵی و سەربەخۆییە! ڕێك ترسەكەی بەغداش لەوەیە، بۆیە وێڕای فشارەكانی سەركەرتی نەوت و بودجە و دادگای فیدراڵی، لەئیستاوە دەستبەكار دەبن، بۆ گۆڕینی دەستور و، كۆتاییهێنان بە مەسەلەی فیدراڵی و گەڕاندنەوەی بۆ خاڵی سفر. ئەوا بەو كارە زەمینە سازدەكەن بۆ ئەوەی بەیەكجاری و لەڕەگەوە هەموو مافەكان لەكورد بسەننەوە! یەك گورز لە خەونە گەشە كردووەكانی كورد ئەدەن، كە بەسەدەیەكی تر بۆی قەرەبوو نەكرێتەوە! ئەمەش زیادەڕەوی نیە و، بەندە لەئێستاوە كۆتایی سەردەمی فیدراڵی ڕادەگەیەنم.
وەڵام بدەوه