KurdistanPress...

CLOSE

ڕۆژی نامەكەی بارزانی، ڕۆژی دیپلۆماسیەتی كوردی

ڕۆژی نامەكەی بارزانی، ڕۆژی دیپلۆماسیەتی كوردی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

نامەكەی ژەنراڵ مەلا مستەفای بارزانی، نەك تەنها لە چوارچێوە بابەتییەكەیدا، یان لە بازنە خودییەكەیدا گرنگ بووە، بەڵكو دەكرێت لە چەندین گۆشە و ئەنگڵەوە سەیری بكەین و، بەدواداچوونی بۆ بكەین. بەتایبەتی لەڕووی ناوەڕۆك و، لەڕووی ئەو زمانەی كەپێی نوسراوە، كە پڕە لە كۆد و ئاماژەی دیپلۆماتی.

من لەم چەند دێڕەدا تەنها ئاماژە بەهەڵبژاردنی چەند كۆدی نایاب دەدەم و، هیوادارم كەسانی لەمن شارەزاتر بێنە پێشەوەو، پڕ بەپێستی خۆی قسەی لەسەر بكەن. كۆدەكانیش ئەمانەن:

یەكەم:  سەرەتا هەڵبژاردنی دیگۆل بۆ ئەو نامەیە، ئایكۆنی ڕوونی ئیدراكێكی سیاسی و دیپلۆماتی زۆر بەهێزە. دەكرێت بڵێین: بۆچی دیگۆل؟ بۆچی ژەنراڵ بارزانی دیگۆل هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی نامەكەی ئاراستە بكات؟ بەتەنها هەڵبژاردنی دیگۆل، نیشاندەری ئاستێكی وشیاری زۆر بەرز و كاریگەر و، جێگای سەرسامییە؟ چۆن لەكاتێكدا بارزانی سەرجەم ژیانی بە شۆرش و ئاوارەیی و ڕاپەڕین و لەپەنای زرمەی ناپاڵم بەسەر بردووە، بواری ئەوەی هەبووە بەو ڕادە وردە گەشە بە وشیاری سیاسی خۆی بدات، بەجۆرێك لە هەڵبژاردنەكەیدا ڕەنگی داوەتەوە؟.

دووەم: سەیری ئەم دێڕە بكە( بواری پیرە پیاوێكی وەكو من بدە....) قووڵترین مانای مرۆیی و سایكۆلۆژی و شۆڕشگێڕی، لەو پەیامەدا هەیە. چی وادەكات پیرە پیاوێك (بەدەربڕینی نامەكە) لەبری حەسانەوە، لەخەبات و شۆڕشی ڕزگاریدا بێت؟ ئەمە ئەو زمانە مرۆییەیە كە زۆر بەقووڵی كاریگەری لەسەر ویژدانی ئەورووپی و هەر مرۆڤێك جێدەهێڵێت كە بەهای مرۆڤایەتی لابێت. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: چۆناو چۆن، جەنابی بارزانی بەبێ ئەوەی تیمی پرۆتۆكۆل و ڕاوێژكاری دیپلۆماتی لەگەڵ بێت، بەو دێڕە سەرسامكەرە دەستپێدەكات؟ ئەو ئیلهامە لەكوێوە هاتووە؟.

سێیەم: سەرنجی ئەم دێڕە كورتە بدە( ئێوە وڵاتەكەی خۆتان بەرەو سەرفرازی برد... ناتوانن هاوهەستی گەلی كوردی شاخنشین نەبن) لێرەدا زۆر بەوردی وشەكان هەڵبژێردراون. نیوە دێڕی یەكەم، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە جەنابی بارزانی زۆر بەئاگابووە لە وردەكارییەكانی دووەم جەنگی جیهانی و ڕێبەرە نەتەوەییەكانی ئەورووپای بەباشی ناسیوەو، زانیویەتی ژەنراڵ دیگۆل چ قامەتێكی گرنگی ڕزگاری گەلی فەرەنسا بووە، بۆیە ئەو باكگراوندە شۆڕشگێڕییەی دیگۆل دێنێت و دەیكاتە مادەیەكی خاوی گوتاری دیپلۆماتی و، پەیوەستی دەكاتەوە بەشوناسی ڕەنجدەرانە و شۆڕشگێڕانەی كورد كەلە دەستەواژەی "شاخنشین"یدا، خۆی دەنوێنێت و، دیارە ژیانی ناو شاخ، ژیانی كۆڵنەدان و شۆڕش و نەبەزینە و، جگەلەوەش پێنوێنێكی فەرهەنگییە بۆ جیاكردنەوەی سروشتی ژیانی كورد لە ژیانی بیابان و، هەر ناوچەیەكی تر. ئیدی ئەم دوو مادە خاوە تێكەڵ دەكات و، دەیەوێت زمانی دیپلۆماتی خۆی پێ نەخش بكات.

چوارەم: لە ئاوڕدانەوەیەكی پڕلە تێگەیشتنی ئاڵۆزییەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، بارزانی لە پەرەگرافێكی تری نامەكەیدا بەم دەستپێدەكات: ( ژەنراڵ... ئێوە سوور بوون لەسەر ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر شەڕێ ڤێتنام. من بێگومانم كەلە لای ئێوە مەسەلەی گەلی كورد لەهی ڤێتنامییەكان كەمتر نیە)

لێرەدا ئیدی پێویستە سەیری بەئاگایی و وشیاری سیاسی و، قوەتی ئیدراكی ڕێبەری شۆڕشێك بكەن، بۆ ئاڵۆزییەكانی پەیوەندیی نێوان زلهێزەكان لەو كاتەدا. خوێندنەوەی دابەشبوونی بڕیاری زلهێزەكان بۆ نمونە سەبارەت بە شۆڕشی ڤێتنام، ئاستێكی باڵای وشیاری سیاسی و ئیدراكی دیپلۆماتییە. جێگەی سەرسامی قووڵە، بەبێ تیمێكی پرۆفیشناڵ و كارامە، سەركردەیەك بتوانێت ئەو هەموو لیاقەتە هزری و شۆڕشگێڕ و، زمانە دیپلۆماتییە لەو كاتەدا كە سەرچاوەكانی زانیاری زۆر دەگمەن بوون، پێكەوە كۆبكاتەوە. خۆ تەنانەت ئەگەر سەرچاوەكانی ئەو مەعریفە ئینسانیانەش لەبەردەست بن، قورسە ڕێبەرێكی شۆڕشگێڕ، كاتی ئەوەی هەبێت ئەو بابەتانە یەكاڵا بكاتەوە. 

دواجار، بە پشت بەستن بەوەی لەم چەند دێڕەدا گوتمان، پێشنیار دەكەم ڕۆژی 8ی شوباتی هەموو ساڵێك، بكرێتە ڕۆژی نیشتمانی دیپلۆماسیەتی كوردی و، بەیاسا ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه