KurdistanPress...

CLOSE

زانیاری نھێنی ئاشکراکرا

دوێنێ لیژنەی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، هاوپێچ لەگەڵ راگەیەندراوێكدا بۆ رای گشتی كە لە زۆربەی میدیاكانی كوردستان و عێراق و جیهاندا وەشێندرا، تۆمارێكی دەنگیی ئابڕووبەری نێوان جووتبرای تاڵەبانی (بافڵ و قوباد)ی بڵاو كردەوە. كە گوێم لەو دێڕەی بافڵ بوو بە قوبادی گوت: ”بێخەم بە، دراوسێكەمان (مەبەستی دەوڵەتێكی ئیقلیمیی دراوسێی كوردستانە) بەڵێنی پێ داوین كە لانی كەم 30 كورسییمان بۆ مسۆگەر بكات!“ قسەیەكی نهێنیی زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەری رێكخەری گشتیی كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێز نەوشیروان مستەفام هاتەوە یاد.

هەرچەندە ئەوكات، كە لەگەڵ هەردوو هاوكار و هاوڕێم (بۆتان تەحسین و نوورەدین سەعید وەیسی) وامان بەڵێن بە كاك نەوشیروان مستەفا دا كە هیچ یەكێك لەو قسانەی لەو گفتوگۆیەدا دەكرێن، بۆ بڵاوكردنەوە نیین، بەڵام بەشبەحاڵی خۆم، ئێستا ناچارم لەم وتارەدا زانیارییەكی ئەو دیدارەتان بۆ ئاشكرا بكەم كە لە زاری خودی كاك نەوشیروان مستەفاوە بیستمان، ئەویش لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەكەم: كەسانێك دەیانەوێ گومان بخەنە سەر راستی و دروستیی ئەو تۆمارە دەنگیەی بافڵ و قوباد كە دوێنێ پارتی بڵاوی كردەوە.

دووەم: نەوشیروان مستەفا (رۆحی شاد بێ) كۆچی دوایی كردووە و ئیتر خۆ نابێت ئەو قسەیە تا هەتایە لەژێر گڵدا بمێنێتەوە.

سێیەم: دڵنیام كاك نەوشیروان لای كەسە نزیكەكانی و سەركردەكانی گۆڕانی ئەوكات، ئەو زانیارییانەی گوتوە، بەڵام ئەوە 10 ساڵە چاوەڕێم یەكێك لەو پیاوانەی لە نزیك كاك نەوشیروان بوون لە هەڵبژاردنێكدا ئەو زانیارییانە بڵاو بكەنەوە، بەڵام دیارە هیچیان نایانەوێ بیڵێن یان هیچیان جورئەتیان نیە.

چوارەم: لەو دانیشتنەدا هەردوو میدیاكار (نوورەدین سەعید وەیسی و بۆتان تەحسین)م لەگەڵ بوو، سوپاس بۆ خودا ئەوان ئێستا لە ژیاندان و ئەگەر گومانێكتان هەبێت لەم قسانە، دەتوانن لێیان بپرسن.

ساڵی (٢٠١٤) چەند مانگێك بەر لە هێرشی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر كوردستان، ئەوكات من سەرنووسەری هەفتەنامەی (باس) بووم، لەگەڵ ئەو دوو هاوكارە رۆژنامەوانەم، بە نیازی سازدانی دیمانەیەكی رۆژنامەوانی بۆ (باس) سەردانێكی دۆستانەی سەركردەی كۆچكردوو (نەوشیروان مستەفا)مان كرد، ئەودەم كاك نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، چەند مانگێك بوو بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین بەشداریی هەڵبژاردنەكانی كوردستانی كردبوو و ٢٤ كورسیی بەدەست هێنابوو، واتە بەراورد بە هەڵبژاردنەكەی ٢٠٠٩ كە گۆڕان ٢٥ كورسیی تیادا هێنابوو، یەك كورسی كەمی كردبوو

راستیەكەی ئێمە ئەو دانیشتنەمان لەگەڵ كاك نەوشیروان بە گرنگ دەزانی و هەوڵیشمان بۆ دابوو، لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەم: پێمان باش بوو گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیی كراوە و راشكاوی لەگەڵ ساز بكەین بۆ هەفتەنامەی (باس). دووەم: حەزمان كرد لە نزیكەوە بیناسین تا بزانین دەیەوێ كوردستان بەرەو كوێ بەرێت. سێیەم: گوتمان ئەگەر بە گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەش رازی نەبێ، ئەوە گفتوگۆیەكی دۆستانەی (لە دەرەوەی ریكۆرد) لەگەڵ دەكەین و هەندێ پرس و باسی سیاسیی ئەودەمی كوردستان و ناوچەكەی لەگەڵ تاوتوو دەكەین.

ئەلحەقی كاك نەوشیروان هەم بە گەرمی پێشوازیی لێ كردین، هەم رێزی گرتین، هەم كاتێكی باشی بۆ تەرخان كردین بۆ گفتوگۆ و هەم ئیعجابی خۆی بە هەفتەنامەی (باس) دەربڕی. تاكە كاری خراپی ئەوە بوو كە نەیهێشت گفتوگۆكەمان بكەینە دیمانەیەكی رۆژنامەوانی و لە (باس) بڵاوی بكەینەوە، تكاشی كرد كە گفتوگۆكە لە دەرەوەی ریكۆرد بێت و قسەكانیشی بۆ بڵاوكردنەوە نیین، ئێمە پێمان خۆش نەبوو، بەڵام رازی بووین و پابەند بووین بە بەڵێنەكەمانەوە تا ئێستا كە دەكاتە زیاتر لە 10 ساڵ، لێ ئەمڕۆ دوای بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمارە دەنگیەی بافڵ و قوباد تاڵەبانیی برای و پرس و باسی تەوزیری دراوسێكەمان بۆ یەكێتی، ئەم قسەیەی كاك نەوشیروان وەك خۆی دەگێڕمەوە:

لێمان پرسی: كاك نەوشیروان چۆن بوو ئەم هەڵبژاردنە كورسییەكتان كەمتر هێنا، لە كاتێكدا چاوەڕێتان دەكرد ژمارەی كورسییەكانتان زیاتر بێت و یەكێتییش جەماوەری كز بووە؟

نەوشیروان مستەفا گوتی: یەكێتی لەم ناوچانەی خۆی تەزویرێكی زۆری كرد، تەزویرێك لە عەقڵ بەدەر بوو؟

پرسیمان: یەعنی یەكێتی بایی چەند كورسی تەزویری كرد؟ چۆن و بە چ میكانزمێك؟

كاك نەوشیروان گوتی: تیمێكی ئێرانیی پسپۆڕ لە بواری تەزویركردن لە هەڵبژاردندا، لە ئێرانەوە هاتنە سلێمانی و چەند مانگێك مانەوە و سەرپەرشتیی پرۆسەی تەزویرەكەیان كرد و تەنیا لەم زۆنە نزیكەی 105 هەزار دەنگیان بۆ یەكێتی تەزویر كرد.

گوتمان: كە ئەم زانیارییە وردەتان هەیە، جەنابت بۆچی لە میدیاكانەوە باسی ناكەیت، یان هیچ نەبێ با كەسێكی وەكوو عەلی حەمەساڵح باسی بكات؟

كاك نەوشیروان بە پێكەنینەوە گوتی: شەڕی ئێران بە ئێمە ناكرێت!

سەرنجێك: ئەو وێنەیەی لەگەڵ ئەم وتارە بڵاو دەبێتەوە، ئەو رۆژە گرتوومانە كە لەم وتارەدا باسم كردووە

بەرھەم عەلی

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه