دیبلۆماسیەتی ئەمریکا ناکامڵترین و ناتەواوترین دیبلۆماسیەتە ئەمریکا ڕێگای دیبلۆماسیەت ناگرێتەبەر لەپێناو ھێنانەدی پرەنسیپەکانی دیبلۆماسیەت بەڵکو بۆ مەبەستی تر دەیگرێتەبەر. کە ئامانج لە دیبلۆماسیەتی ئەمریکا ھەمیشە زاڵکردنی خۆی و ناچاکردنی بەرامبەرە نەک ھێنانەدی دادپەروەری یە، ئەمریکا ھەمیشە شتێک دەڵێت و ئەو شتەی دەیڵێت نایەوێت بەڵکو شتی تری دەوێت. تێگەیشتن لەسیاسەتی ئەمریکا نەک ھەر زەحمەتە بەڵکو مەحاڵە لێی تێبگەی، بەتایبەتی سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژھەلاتی ناوەڕاست نەدۆستەکانی لێی تێدەگەن کە داوای چیان لێدەکات و نەڕکابەر و دوژمنەکانی لێی تێدەگەن کە چۆن بەرەنگاریان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگ و نەگۆڕە بۆ ئەمریکا لەڕۆژھەڵاتی ناوەراست دا سەرچاوەکانی وزە و ئاسایشی ئیسرائیلە کەبەھەر ڕێگا و میکانزمێک بێت دەستبەرداری ئەم دوانە نابێت.
ئەمریکا زۆرجار مەترسیدارترە لەسەر دۆستەکانی تادوژمنەکانی بەئاسانی دۆست و ھاوپەیمانیەکی خۆی دەکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکی ستراتیژیەکی خۆی. لەدوای ھەڵوەشاندەنەوەی یەکێتی سوڤیەت ئەمریکا کار لەسەر ھاوسەنگی ھێز دەکات بۆ ئەوەی ھیچ وڵاتێک نەتوانێنێت ببێتە ڕکابەری پێگەی ئەمریکا لە سیستەمی نێودەوڵەتی دا، لەھەر شوێنێکی جیھان نە دوژمن خۆی بەتەواوی لەناو دەبات، نەڕێگا دەدات دۆستێکی خۆی بەتەواوی زاڵ و بەھێز بێت بەسەر رکابەرەکانی. ھەر کاتێک بەرژەوەندی ئەمریکا پێویستی بەشەڕ بێت ئەمریکا یەک بژاردە بە ھەموو ھاوپەیمانەکانی خۆی دەدات کە بژاردەی شەڕە ئەوانیش تەنھا شەڕ دەکەن، ھەر کاتیش ئەمریکا لە شوێنێک پێویستی بە ئاشتی بوو ھەر تەنھا بژاردەی ئاشتی بە ھەمووان دەدات، ھەر خۆی بڕیاردەدات کە شەڕ بێت یان ئاشتی بێت، ئەوانی تر تەنھا شەرعیەت بەو بژاردەی ئەمریکا دەدەن چ شەڕ چ ئاشتی.
کێ سەرۆکی ئەمریکا بێت کۆماری بێت یان دیموکراتی بێت یەک ئامانجیان ھەیە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆرانکاری بەسەردا نایات تەنھا لە میکانزمەکان دا گۆڕانکاری دەکەن بۆ ھێنانەدی ھەمان ئامانج. جا سەردانی ئەم جارەی(جۆبایدن) سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و بەشداریکردن لە لوتکەی جەددە لەسعودیا بۆ ئاسایش و بەرەپێدان، بۆ ئامانجی کۆنترۆڵکردنی زیاتری وزەکانی ناوچەکە و دەستبەرکردنی پتەوکردنی زیاتر ئاسایشی ئیسرائیلە، کەپڕۆژەی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەنەخشەدانەری ئەمریکایە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئسرائیل. سەرچاوەکانی وزەش سەرچاوەی سەرەکین لە ستراتیژیەتی ئابوری ئەمریکا، کە نیوەی زیاتری سەرچاوەی وزەی جیھان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، کەئەمریکا ھەموو بەھاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ڵیبڕالیزم لەم ناوچەیە وەکو میکانزمێک بەکاردێنێت بۆ کۆترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دا، جا لە وڵاتی دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی و لیبراڵی بێت ئەم بەھانە تەنھا بەدروشم بۆی گرنگن نەک بەکردار، جا
لەکوێ زیاتر بەرژەوەندیەکانی ھەن ئەوێ بۆ گرنگە جا ھەرکێ بێت.
لەم بەینەدا کورد ھەن، کە ھێشتا نەبونە یەکەیەکی فەرمی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، کورد ڕیفراندۆمی کرد ئەمریکا پشتی تێکرد چونکە بەرژەوەندی ئەمریکا لەیەک پارچەیی عێراقدابوو
ھەتا بەرژەوەندی ئەمریکا لەیەک پارچەیی عێراق بێت عێراق ھەر چەند دیکتاتۆر و خۆسەپێن بێت و ھەرێمی کوردستان ھەر چەند لەپێش بێت کەلە پێشە لە ھەموو ڕوویەکەوە عێراق دابەش نابێت و ھەرێمی کوردستانیش نابێتە دەوڵەت. کورد ھەتا ساڵی 2013 پێش ئەوەی ئابوری سەربەخۆیی ھەبێت یاریپێکراوبوو لای عێراق و وڵاتانی زلھێزی ناوچەکە، لەدوای ئابوری سەربەخۆیی کورد بۆ تەواوکەری یاریکەرە سەرەکیەکان لە ناوچەکە، بەس ھێشتا نەبووبوو بە یاریکەر، لەدوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کورد دەیەوێت ببێتە یاریکەر لەنێوان سەدان یاریکەری دژبەر.
سیاسەت نە ئەخلاقی ھەیە نەگەرەنتی تەنھا بەرژەوەندی ھەیە، ھەتا کورد نەبێتە یاریکەر لەناوچەکە، سود لەدەرفەت و ھەلومەرجەکان وەرنەگرێت قەت ناگاتە مەبەست و ئامانجی خۆی، ھەر ئەوانی تر خۆیان لەسەر دەسەپێنن. جا کورد پێویستە بەباشی سود لە و ھەلومەرجەی ئێستا وەربگرێت بزانێت لە ڕابردوو ھەڵەکانی چی بون ئەزمونی لێ وەربگرێت بۆ ئەوەی بێتە یاریکەرێکی سەرەکی لەھاوکێشەکان بچوکترین دەرفەت دەگاتە مەبەست، لەبەرامبەردا بچوکترین ھەڵەش لەناوی دەبات ھەر لەژێر دەستی ئەم و ئەوی تر دەمێنی.
ھەر کاتێک خۆت بەتەواوی ئامادەبوی ئەوانی تر خۆیان شەرعیەتت پێ دەدەن، مەرج نیە ئەوەی ئەمڕۆ لە ھاوکێشەدا یاریکەری سەرەکی بێت سبەینێش یاریکەری سەرەکی بێت، ھاوکێشەکان لای زلھێزەکان بەتایبەتی لای ئەمریکا وەکو نرخی نەوت وان کەھەرجارەو بە نرخێکە، جار نرخی زۆر بەرز دەکرێت جارێكیش نرخی زۆر دادەبەزینێت، لە ھەر کات و ساتێکیشدا ئەگەری گۆڕانکاری لەیەکەکانی ھاوکێشەی نێودەوڵەتی ھەیە لە ناوچەکە لای زلھێزەکان و بەتایبەتی ئەمریکا کەئامنجیەتی بە تەواوی زاڵبێت لەسەر رکابەرەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست.
وەڵام بدەوه