بەھێزترین وتار ئەو وتارە نیە وتاربێژ لە رێگەی زمانی زبرو دەستەواژەی ئەبستراکت و ورووژاندنی ھەست و سۆزو تۆنی دەنگ و خۆ مۆرکردنەوەوە ختوکەی ھەستوسۆزی گوێگر دەدات و ئەیخاتە ڕوو.
بەڵکو بەھێزترین و کاریگەرترین وتار، ئەو وتارەیە بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێک ئامرازی پتەوی زمانەوانی و ھونەرو ئێستاتیکا و کەرەسەی نووسینی جوان و زمانی پاراوو وشەو دەستەواژەی بەھێز و رەوان بێژیەوە لە لایەن وتاربێژێکی راھێنراوو شارەزاوە پێشکەش دەکرێت.
بەواتایەکی تر جوانترین و کاریگەرترین وتار ھەمیشە بە کۆمەڵێک فیلتەردا تێپەڕ دەبێ و ستراتیژی و فکرو فەلسەفەو پەیامێکی شاراوەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە، لەوانە:
١- ئامادەکاری ورد و حیساب بۆ کراو.٢- لە ئەولەویەت دانان و بە سەنتەرکردنی گوێگر لە چەشنی بکەری سەرەکی.
٣- خستنە پێشەوەی دەرەنجامی وتار( کۆتایی وتار دەبێ بخرێتە سەرەتاو دەسپێکی وتار نەک بە پێچەوانەی).
٤- وتار بۆ گوێ ( گوێگر) بنووسرێت نەک بۆ چاو ( بینەر). وتار بۆ ئەوە نانوسرێ گوێگر بیبینێ بەڵکو بۆ گوێگرتن دەنووسرێت.
٥- ئامادەکردنی ڕەشنووس بەرلە نووسینی وتار و دواتر ئیش کردن لەسەر ڕەشنووسەکە.
٦- وتار دەبێ بە سلیقەی جوانەوە بنووسرێت.
٧- وتار نابێت لە سێ بەش زیاتر لە خۆ بگرێت: پێشەکی ( کۆتاییەکە دەخرێتە پێشەکی)، بابەتی سەرەکی وتار و دەرەنجام.
٨- گەرەکە شتێک بخرێتە بەرباس و رووەوە، ئامادەبووان دوای کۆتایی وتار و بەجێ ھێشتنی ھۆڵ بخاتە بیرکردنەوە، نەک کات بەسەر بردن و گاڵتەوگەپ و چاخواردنەوە.
٩- وتار دەبێ تەنیا یەک بابەت لە خۆبگرێ و ھەڵگری پەیامێک زیاتر نەبێت و دەیان پرس و بابەت نەورووژێنێ و نەکرێ بە قسەی چاخانە و دیوەخانەی دۆستانەو گەڕەلاوژەی ئەم و ئەوەوە.
١٠- لە ھەمووشی گرینگتر پێدڤیە وتاری جوان و پوخت و بەھێز بە جۆرێک دابرێژرێت، گوێگر ھەست بکات کە وشەبە وشەی وتارەکەو شێوازی دارشتنی پرس و بابەتی وتار قسەی دڵی ئەویشەو وەڵامدەرەوەی زۆر لەو پرسگرێک و پرسیارانەیە، گوێگر رۆژانە لەخۆیانی دەکات و ناتوانێ وەڵامێکی سەلمێنەریان بۆ بدۆزێتەوە.
وەڵام بدەوه