بە شیعەکردنی ھەولێر!
ھۆگر نێروەیی
کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001 ھێرشی کردە سەر ویلایەتی نیویورکی ئەمریکا، جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی قاعیدە، پەیامێکی ئاراستەی چیھان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی جیھان دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە، یان دووستی ئەمریکان یان دۆژمنی ئەمریکان بژاردەی سێیەمیان نیە. وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش چەند ساڵە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات بۆ میللەت و وڵاتانی ناوچەکە، بە ناراستەوخۆ دەڵێت یان ژێر دەستی ئێران دەبن یان دۆژمنی ئێران دەبن لە ژێر پەردەی دۆژمنایەتی زایۆنیزم کە خۆی بە گەورەترین دۆژمنی زایۆنیزم دەزانێت، ھەرکێش ملکەچی سیاسەتەکەی نەبێت بە دووستی زایۆنیزم و موساد دەزانێت!
لەو ناوچەی پێی دەڵێن ڕۆژھەڵاتی ناوەراست کە پڕ ئاڵوزترین و پڕ رکابەریترین ناوچەیە، کە قەدەری کورد وابووە جوگرافیای لەو ناوچەیە ھەڵکەوتووە کە ھیچ دوستێکی نیە لەم ناوچەیە و لەبەرامبەردا دۆژمن و نەیاری زۆرە، کە بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا ھەرجارەو سەدە و زەمانێک دا خەڵکی دیکەی ناوچەکە ئەجێندای خۆیان بە زۆر بەسەر کورد سەپاندووە، ھەمیشە ھەوڵی گۆڕینی ڕەچەڵەک و شوناسی کوردییان داوە قەت نەیان ھێشتووە خۆیان بن بۆ ئەوەی ئازاد و خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نەبن و لەژێر دەستی ئەوان بن. لە زەمانێک دا کورد بە فارس کردووە، لە زەمانێکیش کورد بە تورک و عەرەب کردووە، لەھەموو زەمانیش دا وڵاتانی زڵھێزانی جیھان کورد و پرسی کورد قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە.
ئێستاش بە شێوازی دیکە لە ژێر ناوی دیکە دەیانەوێت ئیرادەی کورد بشکێنن بۆ ئەوەی کورد قەت ھەست بەھەبوونی خۆیان نەکات و کۆیلە و ژێردەستێ ئەوان بێت، پاسەوانی لە بەرژەوەندی ئەوان بکات.
لە سەدەی شازدە، «شا ئیسماعیل»ی سەفەوی پڕوسەی بە شیعەکردنی ئێران بە فراوانی پراکتیزەکرد، کە زۆرینەی کوردیش سوونە مەزھەب بوون، ئەوکات بە بڕیاری شا پرۆسەی بە شیعەکردنی کورد دەسپێکرد لە دژی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کە سوونە مەزھەب بوون، بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆی زیاتربکەن لە سەر حسابی چەوساندنی کورد! زیندانەکانی شا پڕبوون لەو کوردانەی کە ملکەچی ئەو بڕیارە نەبوون. لە زەمەنی تورکیای لاو و کەمالییەکان پرۆسەی بە تورک کردنی کورد پراکتیزەکرا بە فڕاوانی کە پێشتر ھەبوو بەڵام بەو شێویە نا، ویستیان ناوی کورد لە ھەموو لاپەرەکانی مێژوو بسڕنەوە ناوی تورک لە شوێنی دانێن. لە زەمەنی بەعسیزم عێراق بەچڕی ناوچە کوردنشینەکان لە کورد خالی دەکردن عەرەب لە شوێنی دادەنان بۆ ئەوەی بە تەواوی جوگرافیای کوردستان لە مێشکی تاکی کورد بسڕنەوە و جوگرافیای خۆیان لەسەر حسابی نەفەسی کوردەکان فڕاوانتر بکەن.
ئێستاش کە بەعس و شا و کەمالیییەکان نەماون بەڵام پرۆسەیی فاشیزمی ئەوان بەردەوامە بەرامبەر بە کورد، کە ئەوانەی ئێستا ھەر میراتگیری ئەوانن بۆ کورد، ھەرجارەو لە ژێر بەھانە و ناوێک فاشیزمی خۆیان لەسەر کورد پراکتیزە دەکەن، لە دوای پرۆسەی ئازادکرنی عێراق لە بەعس ئێران توانی ھەموو شارەکانی باشور و ناوەراستی عێراق پڕبکەن لە ئەجێندایی خۆیان ھەولێر نەبێت، کە ھەولێر تا ئێستا خۆی ڕاگرتووە تەسلیم و ملکەچی ئەجێندایی ئەوان نەبووە، بوویە ھەر جارێک بە بەھانەیەک دژایەتی ھەولێر دەکەن، جارێک بوودجەی دەبڕن، جارێک ئاراستەی داعش دەگۆڕن بەرەو ھەولێر، جار جاریش بە دادگای عێراق کە ژێر ئەجێندای خۆیانە بڕیاری دژی ھەولێر دەردەکەن، ماوە بەماوەش کە پیلانی پێشتریان سەری نەگرت مووشەک و درۆن بۆ ھەولێر دەنێرن بۆ ئەوەی ھەولێریش وەکو ھەموو شارەکانی دیکە ملکەچی ئەوان بێت.
بەڵام ھەولێرنە تەسلیم دەبێت نە دەلەرزێت، مووشەکی ئەوانیش نیشانەی ترسی ئەوانە لە ھەولێر کە دەبینین ڕۆژ لە دوای رۆژ ھەولێر بەرەو پێشەوە دەچێت خۆی ناچەمێنێت نە بۆ ئەوان نە بۆ ھیچ لایەکی دیکە.
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه