عێراق خاوەنی دادگایەکی باڵای بەناو فیدڕالییە، کەچی ئەوەی بێ لایەنە ھیچ دەنگی ناکات لەو دادگایەدا بەرژەوەندی گەلانی عێراقە! ئەوەی سەرەوەرە لەم دادگایەدا ھەر دەنگە دەنگیەتی بەرژەوەندی بێگانەیە. ئەوەی وێلن لەیاسادا دادوەرانی ئەم دادگایەن. ئەوەی داداوەرە لەم دادگایەدا وڵاتی بێگانەیە! دادگای باڵای عێراق نەک ھەر کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکو سەرچاوەی کرۆکی کێشەکانە! بەتەواوی وێلە بە دوای بڕیارێکی عێراقی!
بەدرێژایی سەد ساڵی تەمەنێتی تا ئێستا عێراق تەنھا لەسەر کاغەز وڵات بوو، گەر نا ھیچ پرەنسیپ و ڕێسایەکی بە وڵاتبون لە عێراق نەبووە و نابێت، عێراق نەک ھەر وڵات نەبووە بەڵکو بەشاریش نەچووە تەنھا گوندێکی وێران و سەرگەردانە، کەس بەکەس نیە، خاوەنی چەمکی فیدڕاڵیە کەچی شۆڤێنی ترین وڵاتە زۆرینە حوکم دەکات و کەمینە قوت دەدات، خاوەنی سوپایەکی گەورەیە کە نیوەی داھاتی وڵاتی بۆ سەرف دەکرێت، کەچی سوپاکەی بوە بەبارمەتە بەدەستی گروپە میلیشیاکان، خاوەنی حکومەتێکی گەورەی پڕ وەزیر و سەرۆکە، کەچی حکومەتەکەی تەنھا ناوە ھیچ دەسەڵاتی نیە،
سەرۆک کۆماری ھەیە، کەچی سەرۆک کۆمار بڕیارەکانی تا سەقفی کۆشکەکەی ناڕوات، سەرۆک پەرلەمانی ھەیە، کەچی سەرۆک پەرلەمان نازانێت کەی کۆبونەوەی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی ھەیە، کەچی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی فەرمانبەرێکی ئاسایی نیە! سەرۆک حیزبە میلیشیایەکانی وڵاتانی ئیقلیمی بڕیار بەدەستن.
عێراق، ئەو وڵاتەی یەک مەتری خاکەکەی نابینی نەوتی لەژێرەوە نەبێت، ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل ھەناردە دەکات، کەچی ھەندێک لە شارەکانی ڕێژەی ھەژاری 50% تێپەڕیوە و ڕێژەی ژێر ھێڵی ھەژاری لە لوتکەیە، عێراق ئەو وڵاتەی لەجیاتی چاکسازی بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە، دراوەکەی شکاند لەسەر حسابی فەرمانبەر و ھەژارەکانی وڵات کورتھێنانی بودجەی پڕکردەوە! تاکە وڵاتە ھەرچەند پارە و خێرو بێری زیاتر بێت شارەکانی وێرانتر دەبن بێبەش دەبن لەھەمو خزمەتگوزاریەک، ئەو وڵاتەی خاوەنی باشترین دەستورە بەڵام کاری پێ ناکات نایەوێت ببێت بەخۆی و وڵاتی یاسا سەروەر و خاوەن دەستور بەڵکو ھەر دەیەوێت ئەم وئەوی تر بێت، عێراق ئەو وڵاتەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە بوکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کەچی بوو بەخراپترین و وێرانترین وڵات لەھەموو ناوچەکە، ئەو وڵاتەیە کەبەشادەماری ئابوری ناوچەکە ناسراوە چاوەروان دەکرا قەرز بە وڵاتانی ناوچەکە بدات، کەچی لەماوەی چەند ساڵێکی کەم زیاتر لەسەدو پەنجا ملیار دۆلار قەرزار بوو ، لەناو قەرز و گەندەڵی دا غەرق بووە،
عێراق، نە سەروەری ھەیە ھەرجارەو لای وڵاتێک و گروپەکانی میلیشیا سەروەری پێشێل دەکات، نەئاسایشی ھەیە، نەئارامی ماوە ھیچ شتێکی نیە، تەنھا لە حیزب دا بێ ڕکابەرە سەدان حیزبی ھەیە بەڵام ھیچیان بەکردار عێراقی نین ھەریەکیان ئەم و ئەوی ترن ئەجێندای وڵاتانی تر جێبەجێ دەکەن لەسەر حسابی خێروبێری عێراق، وڵات گەر قسەی بکردایە حاشابونی خۆی لەعێراق دەکرد.
وەڵام بدەوه