Kurdistan Press - کوردو سۆشیال مێدیا کوردو سۆشیال مێدیا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کوردو سۆشیال مێدیا

گومانم نیە ئێمە تاکە نەتەوەین بووینەتە کۆیلەو عەبدی دەستەمۆکراوی سۆشیال مێدیاوە. 

ئەوەی بابوباپیرانمان بە درێژایی زەمەن و بەو توانا سنووردارە مەعنەوی و روناکبیریە کەمەی بەردەستیانەوە لە فەرهەنگ و نەریت و رەفتارە جوانەکانیەوە دروستیان کرد، وا خەریکە لە زەمەنی شۆڕشی تەکنۆلۆجیا و لەدایک بوون و داهێنانە سەرسووڕهێنەرو خێراکانی رووبەری ئینتێرنێت و پانتای خەیاڵی بێ سنووری مەجازی مرۆڤەوە،  لەبار دەبرێت و ئاراستەی هەرەس هێنانێکی یەکجارەکی و دڵتەزێن دەگرێتەبەر. 

هەندێ زەمەن هەن بە رووداوگەلێک و کۆمەڵێک یادەوەری یا کاراکتەری دیارەوە دەناسرێنەوەو لە فۆرم و چوارچێوەیەکی داهێنەرانەدا دەبن بە خاڵی وەرچەرخان و پەرەسەندن لە کایەی ژیانی مرۆڤدا.  

بەشێک لەم رووداوانە هەڵگری  چەندین رەهەند و دەلالەت و  دیوی مانادارن و ئەشێ تا ماوەیەکی زۆر کاریگەری بەسەر  تێکڕای قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا بە جێ بهێڵن و لە خاڵی وەرچەرخانەوە ببن بە داینەمۆو فاکتەری پاڵنەری داهێنانی ترەوە لە پانتا و هەلومەرجی دیاریکراودا. 

لەدایک بوونی سۆشیال مێدیای فرەرەهەند لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی شۆڕشی تێکنۆلۆجیا، نەک تەنیا دەرفەتی تازەی خستەبەر دەم ئینسانی کوردەوە و  گۆڕانکاریەکی رێشەیی بەسەر سەرلەبەری فۆرمی ژیان و تێگەیشتن و دونیابینی و جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤی کورددا هێنا، بەڵکو بوو بە دەلاقەیەک بۆ کرانەوەی زیاتری جڤاکی کوردی  بەرەرووی جیهانی دەرەوەش. 

بەهۆی ئەو دابەشکاریە ناوچەیی و سیاسی و دونیابینیەی کورد بە قووڵیەوە دووچاری هاتووە، رووبەری ئینتێرنێت و کرانەوەکەی بووەتە کۆسپێک و ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم گەشەی هزری نەتەوەیی و ئینتیمای نیشتیمانی و بەرهەڤ کردنی فۆرمێکی دڵخوازی یەکانگیری کۆکەرەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. 

لێرەوە رۆڵی سۆشیال مێدیا بۆ ئینسانی کورد، لەبری زامن کردنی هەلومەرجەکانی گەشەی هزرو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و عەقڵی وبەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێی سیاسی و  جیهانبینی نوێ و روانگەی واقعگەرای تازەوە، بووەتە سەکۆیەک و کارگەیەک و کەرەستەیەک بۆ گواستنەوەی ئەو دابەشکاریە ئایدیایی و ئایدیۆلۆژی و ناوچەییەی،  بەشێکی بەرچاوی دونیای خولیا و عەقڵیەتی  مرۆڤی کوردی لە بەشێکی کۆمەڵگاوە بۆ بەشێکی تر گواستۆتەوە. 

ئیتر سۆشیال مێدیا بۆ کورد لەوە کەوتووە عەقڵیەتی نوێ و  جیهانبینی تازە و مەعریفەو تێگەیشتنی عەقڵانی بەرهەم بهێنێ و ژیان بە جۆرێکی تر راڤە بکات. 

سۆشیال مێدیا لە ئێستاماندا بووەتە رووبەرێکی بەرفراوان  بۆ نمایش کردنی: 

  دوداهێنانەکانی فاکتەرەکانی پەرتەوازەیی،  زانستی جنێوسازی و چەواشەکاری و  ئاژاوەگێڕی و فیتنەسازی و تووندوتیژی مەجازی و دەرخستنی کردارو پەرچەکردارە تووندەکان و پاڵنەرێک بۆ هاندانی تووندوتیژی و برەودان بە دواداهێنانەکانی سوکایەتی کردن بە یەکتر و داماڵینی کۆمەڵگا لە بەهاجوانەکانەوە،  لەم سەری کۆمەڵگاوە بۆ ئەوسەری.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه