شاکر احمد
شاری سلێمانی هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی ئەدەب و هونەرو بزووتنەوە شۆڕشگێریەکان بووە.
سلێمانی لەسەردەمی بابانیەکانەوە ناوەندی چەکەرەو گەشەی هزری شۆڕشگێڕی و داهێنانی ئەدەب و نووسین و تازەگەری و کوردپەروەری بووە.
سلێمانی ساڵانێکی زۆر دوور بەر لە ئێستا چەقی شۆڕش و قوربانیدان و هەڵمەت و یاخیگەری بووە.
بەڵام….
مخابن هەنوکە کەوتۆتە ژێر دەستی دەسەڵاتدارنێکی بێ باک و بێ پێشینە و هەرزەکارانی شەقامەکانی پێگەیشتوانی ئەوروپا. هەرزەکارانێک هیچ لە مێژووی ئەم شارەو شکۆمەندی دانیشتوانەکەی ناگەن و سواری کەڵی شەیتان بوونەو دانابەزن .
دەسەڵاتدارانێکی بێ باکی وا گوێ بە هیچ ئامۆژگاری و قسەیەکی خێر نادەن و سواری سەری خۆیان و دانیشتوانی شارێک بوونە، شایستەی لاواندنەوەو خۆشەویستی و خزمەتە نەک ناشرین کردنی بە خۆڵ و خاشاک و پارەدزین و بانک بڕینەوە.
سلێمانی کەم خزمەتی مام جەلالی نەکرد تا قوباد و پافل ئێستاکە بەم دەردەی بەرن و نقومی زبڵ و خۆڵ و خاشاک و بێ موچەیی و وێرانیەوە بکەن.
پاڤل و قوباد ئەگەر تۆزقاڵێک وەفایان بۆ باوکیان هەبوایە، ئەگەر زەڕەیەک بەرامبەر بە دانیشتوانی سلێمانی ئەمەکدار بوونایە، ئەگەر زەڕرەیەک وەفایان بۆ مێژووی شارو شکۆی خەڵکەکەی و قوربانیدانی شارەکە هەبوایە، هەرگیز نەدەبوو بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بکەن.
پاڤڵ و قوباد هەرگیز نەدەبوو ئاوا ستەم لە مردوو و زیندووی سلێمانی بکەن و باکیان بە هیچەوە نەبێت و بەو تەسکبیری و تەسکبینیەوە لە تۆڵەی حکومەت و پارتی زولم لە پارێزگایەک بکەن، لە سەختترین بارودۆخی دەیەکانی رابردووی مێژووی یەکێتیدا هەمیشە پەناگەو ماڵەگەورەو دواسەنگەری بەرگری و مقاوەمەتی شۆڕشگێڕانەیان بووەو گەورە و بچوکی ئەوانی گرتۆتە خۆی و باوەشی بۆ کردوونەتەوە.
وەڵام بدەوه