لەکۆمەڵگا پێشکەوتوو و پێگەیشتووەکان زانکۆکان سەنتەری بەرهەم هێنانی زانستی نوێ و توێژینەوە زانستیەکانن نەک کارگەی بەرهەم هێنانی بڕوانامە و زۆری بۆری.
هتچ کاتێک بڕوانامە بەڵگەی زیندوو نیە لەسەر ئاستی پێگەیشتووی مرۆڤ و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژیت.
بە ڵکو بڕوانامە بەڵگەیەکی نوسراوو داکیۆمێنتێکی بە ئەرشیڤ کراوە لەسەر بڕینی قۆناغەکانی خوێندن یا دیراسەیەکی دیاری کراوی ئەکادێمیەوە لەلایەن قوتابیەوە.
دوای ڕاپەڕین و بە دیاری کراوی دوای رووخانی بەعس لە گۆشەوکەناری هەرێمی کوردستان چەندین زانکۆی حکومی و ئەهلی لە دایک بوون و خزانە سەر رووبەری کەرتی خويندنی ئەکادێمی و زانستیەوە.
زێدەڕۆییە گەر بڵێین هەموو زانکۆکانی کوردستان لە رووی ئاستی زانست و مەعریفەوە لە یەک ئاستدان یا لە ئاستێکی مام ناوەندی یا نزمدان.
هەروەک بێویژدانیە بە یەک پێوەر هەڵسەنگاندن بۆ هەموویان بە یەک پێوەری زانستیەوە بکرێ.
بوونی زانکۆ و زانستگەو مەڵبەندەکانی زانست هێمای گەشەی کۆمەڵگاو پێشکەوتنیەوە نیە. بەڵکو ئاستی زانکۆو مەڵبەندەکانی زانست بەوەوە دەپێورێ ساڵانە چەند توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەم دەهێنن و قوتابیانیان بە چ جۆرە پرۆگرام و مێتۆدێکی هاوچەرخی زانستیەوە فێری زانستی تازەو هاوچەرخ دەکەن و تا چ ئاستێک لە گەڵ کاروانی سەردەم رێ دەکەن و لە دواوە نین.
بۆیە لە گرینگیدان بە ئاستی زانستی مەڵبەندەکانی زانست و لە سەرووشیانەوە ئاستی مەعریفەو رۆشنبیری و هۆشیاری مامۆستایانی زانکۆکان و وانەبێژەکان و ژمارەی توێژینەوە زانستیەکان دەبێت بکرێن بە پێوەری هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پێشکەوتن و بەهێزی زانکۆ و کۆلێج و مەڵبەندو سەنتەرەکانی خوێندن لە لایەن حکومەتەوە، نەک کردنەوەی زانکۆی نوێ و برەودان بە زۆری و بۆری لەم بوارەدا.
وەڵام بدەوه