گومانی تێدانیە خۆپیشاندانی هێمنانە و دوور لە هەڵاو بەزمی سەرجادەو تووندوتیژی مافێکی ڕەوای هەموو مرۆڤێکە.
لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ئەم مافە لە رێگەی راسپاردەو یاساوە لە لایەن پەرلەمان و دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشەوە رێکخراوە.
لە کۆمەڵگەکانی پێشکەوتوو لە رووی یاساییەوە رێگە بە هیچ دەستەو گرووپ و کۆمەڵەیەک نادرێت لە میانەی رێپێوان و گردبوونەوە جەماوەریەکانەوە پەنا بۆ تووندووتیژی و تێکدان و ئاژاوەگێڕیەوە بەرن و ژیان و گوزەرانی ئاسایی هاوڵاتیان بخەنە مەترسیەوە.
لە دەڤەری سلێمانی بە درێژایی ساڵانی رابردوو چەندین خۆپیشاندان ئەنجام دراون و هیچ کامیشیان سەربەخۆو جەماوەری و ئاسایی و یاسایی نەبوونە.
جێگەی داخە ئەم خۆپیشاندانانە بە هۆی دەستی دەرەکی و هاندانی تووندووتیژی لە لایەن هێزوتاقم و گرووپە گوماناویەکانی داردەستی هێزە هەرێمیەکان و دەزگا هەواڵگریەکانەوە تووندووتیژیان لێدەکەوێتەوەو بە ئاراستەیەکی تردا دەبرێن و دیزەبەدەرخونە دەکرێن.
پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانیەوە دەتوانین بڵێن ئەم خۆپیشاندانانە هیچ کامیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریەوە نەکراون. گەر وابوایە ئەبوا لە هەولێرو دهۆکیش هەمان خۆپیشاندان بکرابوان.
بەڵام دیارە کاتێک چەند لایەنێکی گوماناوی بۆ رازی کردنی چەند لایەنێکی دەرەکی و جێ بەجێ کردنی پیلان و سەرخستنی ئەجیندای دوژمنکارانەی ئیقلیمیەوە پەنا بۆ خۆپیشاندان دەبەن و ڕاستوچەپ دامودەزگا حکومیەکان دەکەنە ئامانج و ئاگریان تێبەردەدەن و هێرش و لە پەلاماردانە تێکدەرەکانیان دەست لە هیچ ناپارێزن، مافی خۆمانە دەیان هێمای پرسیارو گومان بخەینە سەر ئەمجۆرە خۆپیشاندانانەوەو گومان لە خۆرسک بوون و ئاسایی بوونیان بکەین و دژیان بوەستینەوە.


وەڵام بدەوه