ئاگرەكەی حەماس و ئیسرائیل، توركیا دەسوتێنێت؟
كارزان گلی
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، كە تا دێت فراواتر و توندتر دەبێت، بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر توركیا دروست دەكات، چونكە توركیا، لەسەروبەندی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بوو لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها پەیوەندیشی لەگەڵ حەماسدا هەبوو، بۆیە لەئێستادا رۆڵی توركیا زیاتر ناوبژیكارە، رەنگە لەگەڵ فراوانی شەڕەكە، توركیاش تێوەبگلێت.
لە 7ی ئەم مانگەدا، حەماس بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی كوژراوە و سەدانیش بەدیلی لەژێر دەستی حەماسن، لە 1972ەوە، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئەم هێرشە ئیسرائیل زیانی نەبووە. توركیاش هەر لە یەكەم رۆژی هێرشەكەدا، داوای لە هەردوولا كرد، كێشەكانیان چارە بكەن و رێگەی شەڕ هەڵنەژێرن، بەڵام لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكە، رەنگە بنكەی جەماوەری ئاكەپە، داوای هەڵوێستێكی توند لە خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان و ئاكەپە بكەن بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەمەش ئاكەپە دەخاتە ناو فشارێكی توند.
ئەم هێرشەی حەماس، تەنیا كاریگەریی لەسەر ئیسرائیل نابێت، بەڵكوو خاڵێكی وەرچەرخانە لە ناوچەكە و ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلش بەئاشكرا دەڵێت، نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕین، ئەمەش بەلای توركیاوە جێگەی مەترسییە.
توركیا، لەگەڵ ئەو هێرشەی حەماس نەبوو، چونكە كاتەكەی لەزیانی توركیایە و توركیای خستووەتە ناو بوارێكی زۆر قورسەوە، بۆیە وەكوو چۆن لە جەنگی ئۆكڕاینا و رووسیا، توركیا رۆڵی نێوەنگیری بینی، دەیەوێت هەمان سیناریۆش بۆ شەڕی حەماس و ئیسرائیل دووبارە بكاتەوە، بەڵام رەنگە ئەمەیان جیاواز بێت، چونكە گەلی توركیا سۆزێكی گەورەیان بۆ فەلەستین هەیە، كە ئەو سۆزەیان بۆ گەلی ئۆكڕاینی نەبووە.
توركیا، خەریكی ئەوەیە پەیوەندی دیبلۆماسی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە و خالی زۆر باشیان بڕیبوو، جیا لەوەی گرێبەستی گەورەیان لە نێواندا هەیە لەڕووی وزەوە، بۆیە ئەگەر شەڕەكە گەورەتر بێت، توركیا ئەستەمە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە و ئیسرائیلیش ئامادە نییە لەڕووی ئابوورییەوە دەست بخاتە ناو دەستی توركیا، بۆیە توركیا زۆر نیگەرانە لەو هێرشەی حەماس، چونكە دەزانێت پڕوشكی ئاگرەكە توركیاش دەگرێتەوە، ئەگەر راستەوخۆش نەچێتە ناو شەڕەكە، راستەوخۆ دەچێتە ناو شەری ئابوورییەوە لەگەڵ ئیسرائیل.
توركیا دەتوانێت رۆڵی نێونگیر ببینێت؟
هەر لە یەكەم رۆژی هەڵگیرسانی شەڕ، توركیا رۆڵێكی زۆر ئیجابی بینی، لایەنگیری لە هیچ لایەك نەكرد و جموجۆڵەكانی لەرێگەی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە دەستپێكرد بۆ ئەوەی شەڕەكە هەر هیچ نەبێت بەرفراوان نەبێت.
ئەردۆغان، لە چوارەم كۆنگرەی نائاسایی پارتەكەیدا وتارێكی پێشكەش كرد و نیگەرانی خۆی بە هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەربڕی، هەروەها داوای كرد بە پەلە دەستوەردان بكرێت بۆ راگرتنی شەڕەكە. دوای رۆژێك قسەی زیاتر لەسەر كرد و ئاماژەی دا، پرسی فەڵەستین دەبێت بەگوێرەی یاسایی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە ئارام بێت و ئاشتییەكی هەمیشەیی جێگەی شەڕ بگرێتەوە.
بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا، سیاسەتی دەرەوەی توركیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە بەهاری عەرەبیدا توركیا دەبووە لایەنگر و راستەوخۆ دەچووە ناو شەرەوە، بەڵام لە سیاسەتی ئێستادا، لە ئەگەری بوونی هەر شەڕێكدا رۆڵی نێوەنگیر دەبینێت، بەڵام ئایە سەركەوتوو دەبێت حەماس و ئیسرائیل بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ؟ ئەمە تا ئاستێكی زۆر زەحمەتە.
شەڕ تەشەنە بكات رۆڵی توركیا گۆڕانی بەسەردا دێت؟
ئەگەر بێت و شەڕ تەشەنە بكات، گومانی تێدا نییە هاووڵاتی سڤیل لە فەڵەستین دەبنە قوربانی، ئەمەش ئەركی حكوومەتی توركیا و ئەردۆغان قورس دەكات، چونكە بەشێكی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها بەشێكی زۆری هاوپەیمانیی كۆماری، بەتایبەت موحافیزكارەكان فشار دەكەنە سەر توركیا تا وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، بۆیە هەڵوێستی توركیا ئەستەمە نەگۆڕ بێت، ئەگەر لەبەر رای گشتی توركیاش بێت، زمانی دیبلۆماسی توركیا بەرامبەر بە ئیسرائیل گۆڕانی بەسەردا دێت.
بەڵام هەندێك بۆچوونی تر هەیە، بەوەی لە كاتی ئەوەی شەڕ بەشێوەیەكی بەرچاو تەشەنە بكات، توركیا لە نێوان و سپی و رەشدا یەكیان هەڵنابژێرێت، بەڵكوو ئەو لەسەر هێلی رەساسی دەمێنێتەوە، واتە بێلایەن دەبێت.
رەنگە لەڕووی میدیاییەوە توركیا دژی ئیسرائیل بوەستێتەوە و زمانی ئەردۆغان و وەزیرەكانی توند بێت بەرامبەر بە ئیسرائیل، بەڵام هەرگیز ناچێتە ناو شەڕەكەوە و پشتگیری سەربازی حەماس ناكات، چونكە بەشكستی خۆی دەشكێتەوە.
ئایە ئەم شەڕە كاریگەریی لەسەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل و توركیا دەبێت؟
رەنگە لە چەند هەفتەی دابێت، روون ببێتەوە ئایە هەنگاوەكانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابووری توركیا و ئیسرائیل بەكوێ دەگات. لە 2000ەوە، پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل، بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە و كار گەیشتووەتە ئەوەی هەڕەشەی زۆر توند لە یەكتریش بكەن، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ لە سەرۆكی ئەمریكا نەما، هەروەها گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی توركیاش وای كرد، توركیا و ئیسرائیل لەیەكتری نزیك ببنەوە.
لەئێستادا زووە باس لەوە بكرێت ئاساییبوونەوەی پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل بەكوێ دەگات، بەڵام راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە هەردوو لا لەدڵەڕاوكێدان بەرامبەر بە یەكتری، چونكە بەدڵنیاییەوە ئەگەر هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی ببنە قوربانی و ژمارەی قوربانییەكانیش زیاد بكات، هەڵوێستی ئەردۆغان گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەڕووی دیبلۆماسییەوە ئەو دوو وڵاتە لەیەكتری دوور بكەونەوە.
پەیوەندی توركیا و حەماس بەرەو كوێ؟
نزیكبوونەوەی توركیا و ئیسرائیل، ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە، كە پەیوەندی حەماس و توركیا وەكوو جاران نامێنێت، چونكە حكوومەتی توركیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هەركاتێك پەیوەندی باشیان لەگەڵ حەماسدا هەبووبێت، سەرئێشە بۆ توركیا دروست بووە، بۆیە نایانەوێت ئەو سەرئێشەیە بەردەوام بێت.
ئیسرائیل، دووچاری شۆكێكی زۆر گەورە بووە بەهۆی ئەو هێرشەی حەماس بۆ سەریان ئەنجامیدا، چونكە زیانێكی زۆر گەورەی گیانیان داوە، بۆیە دەبن بە دوژمنی هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی دەست بخەنە ناو دەستی حەماس، توركیاش ئەو راستییە باش دەزانێت، بۆیە لەئێستادا بۆشاییەكی گەورە دەخاتە نێوان خۆی و حەماس.
حەماس بەئاشكرا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هەرچەندە حەماس لە توركیا نزیك بێت و پێشتر چەند جارێك سەرۆكی حەماس سەردانی توركیاشی كردبێت، هەر نابێتە هاوپەیمانێكی ستراتیژی توركیا، چونكە توركیا دەمێكە ئەوەی بۆ روون بووەتەوە، حەماس لەلایەن ئێرانەوە دەجوڵێنرێت، بۆیە بەهۆی حەماسەوە زیان بەخۆی ناگەیەنێت، بەڵام ئیسرائیلش نابێت چاوەڕێی ئەوە لە توركیا بكات، كە بەرپرسانی حەماس رادەستی ئیسرائیل بكاتەوە، كە ژمارەیەكی زۆری لایەنگر و بەرپرسی حەماس لە توركیا دەژین و توركیا دەیانپارێزێت.
توركیا بەدرێژایی 50 ساڵی رابردوو، تەنیا لەرێگەی میدیا و گوتارەوە دژی ئیسرائیل بووە و پشتگیری لە فەڵەستین كردووە، هیچ كاتێك بەكردار یەك مووشەكیشی بە ئیسرائیلەوە نەناوە، بەپێچەوانەوە بەردەوام توركیا ویستوویەتی پەیوەندیی ئابووری خۆی لەگەڵ ئیسرائیل برەو پێبدات و توانیویەیەتی لەورووەوە سەركەوتوو بێت. هەروەها كاتێك ئیسرائیل سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، توركیا یەكەم وڵاتی ئیسلامی بوو دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، بۆیە شەقامی ئیسلامی نابێت چاوەڕێی شتی گەورە لە توركیا بكەن بەرامبەر بەئیسرائیل، هەڵوێستی توركیا تەنیا لەرێگەی میدیاییەوە دەبێت و رەنگە بەرپرسانی توركیاش زمانی سیاسییان توند بكەن و لەڕووی مەعنەوییەوە پشتگیری لە فەڵەستین بكەن، نەك سەربازیی.
وەڵام بدەوه