( با )کەی بن سەلمان بووە تۆفان!
بەرلەهەموو شتێک، ئەوەی حەماس لە غەززەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەیکا، زۆر لەوەی قاعیدە ئەچێ کە لە ١١ی سێپتەمبەر لە قەندەهارەوە دژی ئەمریکا کردی، واتا، شەرعییەتدان بە کاردانەوەیەکی زۆر گەورە کە کەس جورئەتی ئەوەی نەبێ دەستت بگرێ، سەرەتا کارێکی گەورەی ئەوێ،، کارێک کە ئەگەر بەچاو سەیری بکرێ حەقیقیە، بەڵام کە بە عەقڵ وردی ئەکەیتەوە، زیاتر لە سیناریۆیەکی پێشوەختە داڕێژراو ئەچێ کە لە مەتبەخە هەواڵگرییەکانەوە حازرکراوە و ئیتر وەک چۆن لەوی تردا مقاشەکە قاعیدە بوو، لەمەشیاندا حەماس ئالەتەکەیە!
تۆفانی ئەقسا لە کورترین پێناسەدا، عەمەلیاتێکی قەیسەریە و بەهۆیەوە ئەو کێم و جەراعەتەی جەستەی هەردوو کۆمەڵگای ئیسرائیلی و فەڵەستینی تەنیوە و داوەشاندووە، سەحب ئەکرێ و فڕێ ئەدرێتە تەنەکەی خۆڵەوە!
تۆفانێکە وەکچۆن دەست و قاچی حەماس و جیهاد ئەبڕێ، سەری نتنیاهۆ و تەواوی ڕاستڕەوە جووەکانیش بەقوڕا ئەبا و لانیکەم لە مەشهەدی حوکمڕانیدا ڕایانئەماڵێ!
ئەم تۆفانە کار و کاردانەوەیەکی سەیرە ها،،
لەکارەکەدا، لێگەڕان تا بەتەواوی دەمەوییەتی حەماس و گەمژەیی نتنیاهۆکان بۆ دنیا دەرکەوێ!
لە کاردانەوەکەشیدا، عەکسەکەی دەرئەکەوێ کە دوا فیعلی پیسوپۆخڵی شەلم کوێرم ناپارێزمە و بە نتنیاهۆکان جێبەجێ ئەکرێ و ئەگەر پێویست بکا، تەنانەت غەززە بەسەر حەماس و جیهاددا ئەڕوخێنرێ، ئەگەرنا، بایی ئەوەندە شڕ ئەکرێن کە غەززە لە دەستیان دەربهێنرێ!
لەنەتیجەش،،
فەڵەستینێکی خاڵی لە حەماس و جیهاد و ئیسرائیلێکی بێ شارۆن و نتنیاهۆکان، پێشکەشی ناوچەکە ئەکرێ،، ناوچەیەک کە عەجیب گۆڕاوە و سەنتەری گۆڕانکارییەکەش، سعودییەیە!
سعودییە لەگەڵ هاتنی باوک و کوڕدا، سعودییەکی ترە! بن سەلمان ڕوئیای ٢٠٣٠ ی بۆ زلهێزکردنی وڵاتەکەی هەیە و هەرچی لە گیرفان و لە عەقڵیدا هەیە، بۆ سەرخستنی ئەو ڕوئیایەی تەرخانی کردووە و ئەیەوێ بەپێی چەمکەکەی داود ئۆغڵۆش( سفر کێشە)، سیاسەتی دەرەکی خۆیان داڕێژێتەوە، بۆئەوەش، دەستی لە ئەمریکا بەرنەداوە، بەڵام دەستی چین و ڕوسیایشی گرتووە! لەیەککاتدا، دەستی دۆستایەتی بۆ ئێران و هی خزمایەتیشی بۆ ئیسرائیل درێژکردووە، لەگەڵ تاران چووەتەپێشێ و لەگەڵ تەلئەبیبیش ( وەک ئەو ڕۆژە بن سەلمان وتی)، لەقۆناغی کۆتاییدان و هەر باوەش بەیەکدا کردنێکی ئەوێ!
ئیسرائیل لەوەتای هەیە، سێ خەون ئەبینێ:
ـ میسر وەک دڵی دنیای عەرەب، ئاشتی لەگەڵدا بکا،، میسر پاش ئەوەی شەڕێکی بردەوە، هەر زوو بەرەو ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل چووە پێش!
ـ عێراق وەک دەوڵەتێک کە عەقڵ و وزە و بازووی هەیە، لەپەلوپۆبخرێ، ئەگەر کرا، لەتوپەت بکرێ،، عێراقیش لەسایەی سەری سەددامی سووننە و سەددامەکانی شیعەوە، لەپەلوپۆ خراوە، ماوە لەتوپەت بکرێ!
ـ سعودییەش وەک ڕەمزییەتی ئاینی ئیسلام و خەزانێکی گەورەی پارە لەدنیا، لەگەڵیدا ڕێکبکەوێ،، ئەمەیان دوا خەونی ئیسرائیلییەکانە و بە پشتیوانی سەلمان و لەسەر دەستی بن سەلمان، وا خەریکە بەدی دێ،، بەڵام بەمەرجەوە،،
باوک و کوڕی ئال سعود، ئیسرائیلیان لە گەیشتن بە دوا خەونی خۆیان نزیککردۆتەوە، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ بەواقیعبوونی ئەو خەونە( کە لە بنەڕەتدا مەرجی سعودییەکانە تا بەڕووییەکی سوورەوە لێی دەرچن)، چارەسەری کێشەی عەرەب ـ ئیسرائیلە بەپێی چەمکی( حل الدولتین)!
ئیسرائیل دەوڵەتی خۆی هەیە، بەڵام دەوڵەتەکەی فەڵەستین، پاش ئەوەی لە حەماس و جیهاد( وەک خاوەن زۆن) خاڵی ئەکرێ، تەسلیم بە ئەبو مازنەکان ئەکرێ،، ئێران ئەمە ئەزانێ و قەتەریش وەک نەیارێکی سعودییە، بەمە خۆشحاڵ نیە، جا ئەم دووانە پێیان ئەکرێ ئیشەکە دوا بخەن، بەڵام پێیان تێک نادرێ!
تەبعەن لە چل پەنجا ساڵی ڕابردوودا، هەرچی شەڕوشۆڕ و نەهامەتییەک کە بەسەر ئەم ناوچەیەدا هاتووە، جگە لە هەوڵ و تەقەللا بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانەی ئیسرائیل، هیچی تر نەبوون!
ئێستاش هەموو ئەوەی ڕووئەدا، جگە لە کۆتایی گەمەیەک و سەرەتای گەمەیەکی تر لەناوچەکە، هیچی تر نیە،، گەمەیەک، کە ئەمریکا و چین تیایدا یاریکەرن و ما باقییەکەی
داشن.
شێروان تالیب
وەڵام بدەوه