پشتیوانی كامیان بین: حەماس یان ئیسرائیل؟
ھەرمن ئەحمەد
هه‌ر كاتێك شه‌ڕ له‌نێوان فه‌له‌ستین یان گرووپێكی نێو فەڵەستین و ئیسرائیل ده‌ست پێبكاته‌وه، هه‌موو جیهان بە میدیاكانیشیەوە، پێوه‌ی سه‌رقاڵ ده‌بن، به‌تایبه‌تی وڵاتانی زلهێز و بەرەی ئه‌ورووپا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی. لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر حه‌ق و ناحه‌قی نییه كێ زاڵمه و كێ مه‌زڵووم، حەماس و ئیسرائیل هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به خاوه‌ن حه‌ق داده‌نێن و كێبەركێی كوشتار و وێرانكارییش ئه‌كه‌ن.
مێژووی كۆن و هاوچه‌رخی ئه‌و دوو بەر ناكۆكە پێمان ده‌ڵێت، شتێك نییه به ناوی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌و ناوچه‌یه، هه‌ر نووسینی نووسه‌ر و لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كان پێمان ده‌ڵێن و ده‌ریده‌خه‌ن، ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر به قڕكردن و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان بنیات نراوه، كه ئێستاش سات به سات چاودێریی هه‌واڵه گه‌رمه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌ر هه‌مان مێژوو دووبارە بووەته‌وه، كێ زیاتر ده‌كوژێت و كام لایه‌ن زیاتر ناوچه‌كه وێران ده‌كات.
لایه‌نی مرۆیی و مروڤدۆستی و ژیاندۆستی هیچ به‌هایه‌كی نییه، سیاسییه‌كان ژیانی خەڵكیان لا بێنرخە، به‌رامبه‌ر به قڕكردنی یه‌كتر دڵخۆشن به‌وه‌ی چه‌ند رۆحی مرۆڤه‌كان به‌ره‌و مه‌رگ رابكێشن. كاتێك به‌پرسی باڵای حه‌ماس ئه‌بینین نوێژی شوكرانه ده‌كا كه چه‌ند ئیسرائیلیی كوژراوه یان به‌رپرسێكی باڵای ئیسرائیل هه‌واڵێكی دڵخۆش ڕاده‌گه‌یەنێ، كە وێرانكردن و كوشتنی ناوچەیەكی بن دەستی حەماسە لە فه‌له‌ستین، ئه‌وكات زیاتر لە بەهای ژیانی مرۆڤ تێده‌گه‌ین لای سیاسییه‌كانیان.
فه‌له‌ستین باجی چی ده‌دات؟ ده‌كرا له‌ته‌ك ئیسرائیله‌وه ببێته ده‌وڵه‌تێكی دوور له شه‌پۆلی ڕق و كینه و تووڕەیی و چه‌وساندنه‌وه، به‌ڵێ ده‌كرێت ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ببنه خاوه‌ن خاك و سەروەریی خۆیان، به‌ڵام نه‌ویستنی ئه‌وانه‌ی، كه ئێستا و پێشتر بە ئەجیندای دەرەكی، سیاسه‌تی فه‌له‌ستینییه‌كان هەڵدەسووڕێنن، ناهێڵن هیچ كات ئه‌و جوگرافیا ئاشتییه له‌و ناوچه‌یه دروست ببێت.
ده‌وڵه‌تێك، كه خاوه‌نی هه‌موو شتێكه، وه‌ك خاك و گه‌ل و و نیشتمان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كات نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌ن ئه‌و خاك و نیشتمانه‌ی كه خەڵكەكەی له‌سه‌ری ده‌ژی، چونكه ئه‌وانیش كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی و نەبوونی سه‌رۆكێكی بڕیارده‌ریان هه‌یه. وڵاتانی عەرەبی له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان فه‌له‌ستین ده‌كه‌نه قوربانی، هه‌موو جیهانیش به وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و ئێران و هەندێك لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامییشەوە، ئه‌وانیش هه‌ر فه‌له‌ستین و خەڵكی ده‌كه‌ن به قوربانی.
ئیسرائیل به حوكمی به‌هێزیی ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی، توانیویه‌تی لۆبییه‌كی به‌هێز دروست بكات، كه هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت جارێكی دیكە بیكات بە قوربانی، هه‌ر بۆیه ده‌بینین هه‌ر كاتێك شه‌ڕ له‌نێوان دوو لایەنە بێته ئاراوه، زۆرینەی وڵاتە كاریگەرەكانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، بێ یه‌ك و دوو خۆیان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و پشتگیری له ئیسرائیل ده‌كه‌ن.
هه‌ڵه‌ی سیاسییه فه‌له‌ستینییه‌كان بە ئیسلامی و نائیسلامییانەوە گه‌لێك زۆرن، هه‌وه‌ك ئێستای ده‌وڵه‌تی عێراق، چونكه ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی تیایدا زۆره، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و د‌ه‌وڵەته خاوه‌ن بڕیار و سەروەریی خۆی نه‌بێت. فه‌له‌ستین و عێراق وه‌ك دوكانە هه‌رزانبازاڕه‌كانیان لێ هاتووه، هه‌ر كاڵایه‌ك له‌ده‌ره‌وه نه‌فرۆشێت، له‌ناو ئه‌و بازاڕه‌دا هه‌ڕاجی ده‌كه‌ن، ئێستا حاڵی عێراق و فه‌له‌ستین، سه‌ركرده و سیاسییه‌كانیان وه‌ك بووكه‌ڵه‌یان لێ هاتووه، ته‌وقیتی بڕیاردانی شه‌ڕ و ئاشتی به دەستی ده‌ره‌كییه نه‌ك ناوخۆیی، هه‌ر بۆیه لێره‌دا ئه‌م شه‌ڕه نه پێویستی به كۆمه‌ككردن و پشتوانیكردنی ئێمه‌ی كورده بۆ هیچ لایەكیان، نه پێویستە خۆمان بكه‌ین به سووته‌مه‌نی بۆیان، چونكه له بنەڕەتدا ئێمه گیرۆده‌ی ده‌ستی داگیركه‌ر و دەوڵەتە سەردەستەكانین، ئیدی چ فارس بێت، یان تورك، یاخود عه‌ره‌ب. هەر بەڕاست ئێمەی كورد زیاتر لە سەد ساڵە دەچەوسێنرێینەوە، كام لایەنیان لەسەر ئێمە هەڵیانداوەتێ؟
وه‌ڵامێكیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌بینم له سۆشیال میدیا ده‌نووسن فه‌له‌ستین و ئیسرائیل مێژوویان وه‌ك ئێمه‌ی كورد وایه! نه‌خێر هیچ كات رەوشی نێوان ئه‌و دوو گه‌له مێژوویان وه‌ك ئێمه نه‌بووه و هیچ كاتیش ئه‌و دوو گه‌له بۆ ئێمه‌ی كورد نه‌بوونه‌ته پشتیوان و پاڵپشت و هاوكار، له خراپترین كاته‌كانی ئێمه، ئەوان دژی كورد بوونه و نه توانیویانه قسه‌ی حه‌ق بكه‌ن، نه توانیشیانە حه‌قانی بن، تاكه شت كه توانیویانه بیكه‌ن ئەوە بووە، كە چه‌پڵه‌یان بۆ ناحه‌ق لێ داوه.
ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕۆژانه ناوچه‌كانی ئێمه وێران ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانن پشتیوانی له فهلەستین ده‌كه‌ن، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به ناحه‌قییه‌كانی وڵاتانی داگیركه‌ر رازین و بێ ده‌نگن، هه‌ر ئه‌وانن له‌پشت به‌هێزبوونی ئیسرائیله‌وه، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته هاوشێوه‌ی ئێمه نین.
ئێمە لەگەڵ ئەوان له شتێك‌دا وه‌ك یه‌كین، ئه‌ویش كوشتنمانه، له كه‌ركووك و ناوچە داگیركراوەكانی تری باشوور، بیرته‌سك و فاشییەكان كورده‌كان ئه‌كوژن، له ڕۆژئاوای كوردستان كورد ده‌كوژرێن، له ڕۆژهه‌ڵات و باكووری كوردستان بە هەمان شێوە، فه‌له‌ستینییه‌كان به ده‌ستی ئیسرائیل و عه‌رەب و فارس ئه‌كوژرێن، ئیسرائیلییه‌كانیش هه‌ر به ده‌ستی فهلەستین و عه‌رەب و فارس ئه‌كوژرێن.
كورد له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ئه‌فسانه خه‌یاڵاوییه‌كانی كردووەته راستیی ژیانی، پێویستییه‌كانی و داواكارییه‌كانی شۆڕشه یەك له دوا یه‌كه‌كانی هه‌ر بۆ ئامانجی ڕزگاربوونیەتی له‌ده‌ست سته‌می داگیركه‌ران، دروشمی ئازادی و دیموكراسیی بۆ ئەوە به‌رز كردووەته‌وه.كورد میهرەبانترین و ئارامترین نه‌ته‌وه‌یه له ناوچه‌كه، هه‌ر بۆیه ناهێڵن ببێته ده‌وڵه‌ت، چونكه ئارامی و به‌هێزیی ناوچه‌كه، واتای لاوازیی داگیرگه‌ران.
هێرشی حه‌ماس وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌یه كه ده‌كرێته سه‌ر ئێران و حزبوڵای لوبنانی. ڕێكخراوی حه‌ماس شه‌ڕی بەوە‌كاله‌ت ده‌كات، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئه‌بێته سووته‌مه‌نی، هه‌ر خه‌ڵكی سڤیله، چونكه حه‌ماس باش ده‌زانێ له به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی بۆ سەر خاكی ئیسرائیل، كاردانه‌وه‌ی توندتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. و وێرانكاریی زیاتری ناوچەكانی فەلەستینی بەدوادا دێت.
هه‌ر بۆیه حەق وایە سیاسییه كورده‌كان به‌تایبه‌تی و میدیای كوردی، ژیرانه بیر بكه‌نه‌وه و ژیرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن، لایه‌نگر مه‌بن، چونكە بەڕاستی ئێمەی كورد لەم شەڕەدا بێلایەنین.
وەڵام بدەوه