هەر تیرۆرێک لە هەرێمی کوردستان لە لایەن هەر هێزێکەوە ئەنجام بدرێت، گەورەترین سوکایەتیە بە حکومەتی هەرێم و داموددزگا یاسایی و دەستووریەکانیەوە.
تیرۆر و کاری تیرۆر دەمێکە بووە بە شوناسی رووبەرێکی بەرفراوانی زۆنێکی هەرێمی کوردستان.
بەداخەوە ئەم رووداوانە لە حاڵەت و دیاردە دەرچوونە و ئێستاکە بوونەتە شوناس و وەک پەڵەیەکی ڕەش و نەنگی بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانیەوە نووساون.
گەلی کورد بە درێژایی ساڵانی خەباتی دژبە رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی بەغدا، هەرگیز پەنای نەبرد بۆ کاری تیرۆرو پەروەردەکردنی تیرۆریست و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی تیرۆریزم. ئەمەش نەک بەهۆی بێتوانایی و دەستەوەستانیەوە، بەڵکو بە هۆی پابەند بوونیەوە بە یاساورێساو پرەنسیپەکانی جەنگ و بەرهەڵستکاریەوە.
تیرۆر پەڵەیەکی پڕلە نەنگی و شەرمەزاری و ئەوپەڕی بێتوانایی ئەنجامدەرانیەتی، نەک ئازایەتی.
پەرەسەندنی خێرای تیرۆر لە هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ، هێزگەلێک هەن لەم کوردستانەدا نەک هەر بروایان بە کیانی دەستووری هەرێم نیە و خۆیانی بە خاوەن نازانن، بەڵکو دژی حکومەت و هەموو یاساودەستوورو عورفێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و مرۆڤایەتیشن و مافیائاسا هەڵسوکەوت دەکەن و باکیان بە هیچ نیە.
وەڵام بدەوه