بێدەنگی ئاسانترین و سادەترین رێگەیە فکرو زەینی مرۆڤ دەگەیەنێت بە قۆناغی بەهێزبوون. جاری واهەیە ئەو هێزەی لە بێدەنگیدایە، لە ژیانی پڕ لە جەنجاڵی و هاشوهوش و قەرەباڵغدا نیە.
لەناخی هەموو مرۆڤێکدا، جۆرێک لە ئاسوودەیی و هێمنی هەیە، هەڵگری هەموو هێزەشاراوەکانی ناخە. کاتێک مرۆڤ بێدەنگی هەڵدەبژێرێ هێزە بارگاوی کراوو هەڵگیراوەکانی ئاشکرا دەکات.
بێدەنگی رێگاو مێتۆدێکە بۆ گەیشتن بە تەندروستی، هەماهەنگی و هاوسەنگی لە رووبەری ژیان و بەدەست هێنانەوەی هێز.
نهێنی گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر تەواوی سەختی و ئاڵنگاریەکانی ژیان و دەست خستنی گشت پێداویستیەک، هەڵبژاردنی بێدەنگی و هێمنیە. ئەم بێدەنگیە گەرەکە رێژەیی بێت و یەکسان نیە بە ڵاڵ بوون.
هەندێ کەس واتێگەیشتوون ئەگەر بەردەوام لە جوڵەدانەبن و پانتای ژیانیان خاڵی بێ لە جەنجاڵی و قەرەباڵغیەکان ، مانای وایە کێشەیەک هەیەو گرفتێک لە ژیان کردنیان هاتۆتە ئاراوەو دۆخەکە ئاسایی نیە و دەبێ چارەسەر بکرێت.
ئەم جۆرە کەسانە بەردەوام لە دەرەوەی وجوودی خۆیانەوە بەدوای دۆزینەوەی هەماهەنگی و هێزو دەسەڵات و هێمنایەتیەوەن و ناگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆیان.
لە کاتێکدا ئەمان دەتوانن هێزو هەماهەنگی و دەسەڵات و دۆخی هێمن نەک لە دەرەوەی خۆیاندا، بەڵکو لە ناخی ئارامی رەهای خۆیاندا بدۆزنەوەو دەستی پێوەبگرن و بەهێزی بکەن.
زۆر قسەکردن و زۆربڵێی، هێمنی و هێزی ناوەکی و وزەو ئاوەزی مرۆڤ لەناو دەبات. کەم قسەکردن و خاڵی کردنەوەی زەین و خەیاڵ لەو شتانەی هێزوزەی مرۆڤ لەباردەبەن و هەرەسی پێ دەهێنن و وێرانی دەکەن و هەڵیدەمژن، نەک هەر عەیبەو کێشەیەکی گەورە نیە، بەڵکو مێتۆدێکە بۆ گەیشتن بە لوتکەی هێزبەخشین بە فکرو فۆرم گرتنی دەسەڵاتی لە بن نەهاتووی زەین.
وەڵام بدەوه