وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، دەبێت ئەو هێزانە بە شێوەی "تاکەکەسی" بچنە ناو ڕیزەکانی سوپای سووریاوە.
ئەمڕۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا وردەکاریی هەڵوێستی ئەنقەرەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە وەزیری بەرگری لە گفتوگۆکانی بودجەدا لە پەرلەمان بە ڕوونی جەختی کردووەتەوە کە: "چاوەڕوان دەکەین چەکدارانی هەسەدە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا تەنها وەک تاک تێکەڵ بە سوپای سووریا ببنەوە، نەک وەک یەکەی سەربازیی سەربەخۆ و پێکهاتەی جیاواز."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تورکیا ڕەخنەی لە هەسەدە گرتووە بەوەی سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، "لەبری تێکەڵبوونەوە بە سوپای سووریا، بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی"، کە بە بڕوای ئەنقەرە ئەمە زیان بەو سەقامگیری و ئاسایشە دەگەیەنێت کە هەوڵی بۆ دەدرێت لە سووریا جێگیر بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کردەوە و لێدوانی هەندێک وڵات (بەبێ ناوهێنانیان) هاندەرن بۆ ئەوەی هەسەدە چەک دانەنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە: "هەوڵەکانی هەسەدە بۆ کات کوشتن بێهودەن و هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەمیاندا نییە جگە لە تێکەڵبوونەوە بە سوپای سووریا."


وەڵام بدەوه