بڕیارنامه‌ی 2231ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یان رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك كه ساڵی 2015 بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌ركرابوو، ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی تشرینی یه‌كه‌م كۆتایی دێت، هه‌رچه‌نده وڵاتانی رۆژئاوا كۆتایی مانگی رابردوو نه‌یانهێشت بڕیارنامه‌كه ره‌وتی ئاسایی خۆی تێپه‌ڕ بكات، زووتر ئه‌و ماده و بڕگانه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یان چالاك كرد كه به‌هۆیه‌وه سزاكانی به‌ر له 2015 سه‌پێنرانه‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، ته‌واوی بڕگه و خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كه بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ دانرابوو، له‌مڕۆوه هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و كاریان پێ ناكرێت، بۆیه ئێران هه‌نگاوه نوێیه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكان به‌سه‌ر ئێرانی به نایاسایی ناساند.
له نامه‌یه‌كدا كه عه‌باس عێراقچی بۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ره‌وانه‌ی كردووه، نووسیویه‌تی بڕیارنامه‌ی 2231 هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێك ناداته سكرتێری گشتی تا به‌هۆیه‌وه بڕیار و سزای نوێ به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنێت.
رۆژئاوا 20 رۆژ زووتر هه‌نگاوی نا
ئه‌و داواكارییه‌ی ئێران له كاتێكدایه كه 28ی ئهیلوول دوای چالاككردنی رێكاری سناپ به‌ك/پهلهپیتكه و گه‌ڕانه‌وه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له وڵاتانی ئه‌ندام كردبوو، پێڕه‌وی له سزاكان بكه‌ن و تا ئێسته ته‌نیا رووسیا و چین گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزاكانیان به فه‌رمی نه‌ناسیوه.
هه‌ریه‌ك له ژاپۆن، توركیا و نیوزلاند، له‌گه‌ڵ بڕیاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سزاكان ده‌ستیان به سه‌پاندنی سزاكان له دژی ئێران كرده‌وه، ئه‌مڕۆیش نۆ وڵاتی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سزاكان راگه‌یاند كه بریتی بوون له وڵاتانی ئه‌لبانیا، بۆسنیا و هه‌رسك، ئایسله‌ند، مۆڵداڤی، مۆنتێنێگرۆ، مه‌كه‌دۆنیای باكور، نه‌رویج، سێربیا و ئۆكراینا، به فه‌رمی رایان گه‌یاندووه كه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هاوده‌نگن و رێسا ناوخۆییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سزا نوێیانه رێكده‌خه‌ن
به‌گوێره‌ی بڕیاری نوێی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هاورده‌كردنی نه‌وتی خاو، گازی سروشتی، به‌رهه‌مه پێترۆكیمیاییهكان و هه‌ر جۆره به‌رهه‌مێكی نه‌وت له ئێرانه‌وه قه‌ده‌غه‌یه، له هه‌مان كاتدا رێگه به فرۆشتنی هیچ جۆره پێداویستییه‌كی كه‌رتی وزه، زێڕ، كانزا نایابه‌كان، ئه‌ڵماس، كه‌ره‌سته‌ی ده‌ریایی و كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی تری ئه‌لیكترۆنی و پیشه‌سازی به ئێران نادرێت
بڕیارنامه‌ی 2231
گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاكان له دژی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیارنامه‌ی 2231ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، كه به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی پێنج كۆ یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران ناسراوه و له ساڵی 2015 واژوو كرا.
ئه‌وكات باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران بوون و رێككه‌وتنه‌كه بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ دانرابوو، سه‌رجه‌م سزاكانی سه‌ر ئێرانی هه‌ڵپه‌ساردبوو كه پێشتر سه‌پێنرابوون و داوای له ئێران كردبوو به‌گوێره‌ی رێنوێنی و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی ده‌ستنیشان كراون، درێژه به پلانه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بدات.
ده‌ستپێكی ململانێ و ناكۆكیی رێككه‌وتنه‌كه دوای ئه‌وه رووی دا كه له ساڵی 2018دا، دۆناڵد تره‌مپ له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی هاته ده‌ره‌وه و ئێرانی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، خه‌ریكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و به‌و پاره و سه‌رمایه‌ی له هه‌ڵپه‌ساردنی سزاكان ده‌ستی ده‌كه‌وێت، له بواری تیرۆر خه‌رجی ده‌كات، له هه‌مان كاتدا به‌ره‌و ئه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت به نهێنی بۆمبی ئه‌تۆمی دروست بكات و په‌ره به مووشه‌كه بالیستیكییه‌كانی بدات كه مه‌ترسیدارن بۆ ئاسایشی جیهانی.
ئه‌مه‌ریكا قورسترین سزای به‌سه‌ر ئێران سه‌پاند و له به‌رانبه‌ردا ئێرانیش ده‌ستی به پێشێلكردنی بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كرد، رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی به‌رز كرده‌وه كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه 3.67%ی بۆ ده‌ستنیشان كرابوو.
پیتاندنی یۆرانیۆم
ئێران تا ساڵی رابردوو رێژه‌ی پیتاندنی گه‌یانده 60% و به‌وه تۆمه‌تبار كرا خه‌ریكه ده‌یگه‌یه‌نێته 90% كه بۆ بۆمبی ئه‌تۆمی گونجاوه، بۆیه‌ش له 13ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر ئێران و وێڕای به ئامانجگرتنی بنكه ئه‌تۆمییه‌كان، ده‌یان زانای ئه‌تۆمی و ده‌یان فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسدارانی كوشت
شه‌ڕێك كه 12 رۆژی خایاند و دوو رۆژ دوای ئه‌وه كۆتایی پێ هێنرا كه ئه‌مه‌ریكا به فڕۆكه‌ی B2، هه‌رسێ وێستگه‌ی نه‌ته‌نز، فۆردۆ و ئیسفه‌هانی بۆردمان كرد و كۆتایی به پڕۆژه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران هێنا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزییانه، ئێران ره‌تی كرده‌وه واز له پیتاندنی یۆرانیۆیم بهێنێت، له كاتێكدا داواكاریی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كۆتایی به پیتاندن بهێنێت.
ئێسته ئێران گومانێكی زۆری له‌سه‌ره و راسته بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی له‌ناو براون، به‌ڵام توانای هه‌یه دووباره ده‌ست به پیتاندن بكاته‌وه، جگه له‌مه 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی شاردووه‌ته‌وه كه لای ئاژانس زۆر مه‌ترسیداره.
به‌پێی قسه و هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی ئێران بێت، فڕیان به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌ماوه، كه‌وایه نه‌ك نابێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سزاكان بسه‌پێنێت، ئێرانیش ناچار نییه گوێرایه‌ڵی یاسا و رێسا ئه‌تۆمییه‌كان بێت.
وەڵام بدەوه